Salim Xemexan
22 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2016
ھەڵەبجە
بەڕێوەبەری ئۆفیسی سیروانی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان و سەرپەرشتیاری پرۆژەی بەکولتوری کردنی لێخوڕینی پاسکیل، ھونەر مستەفا رایگەیاند "لە رۆژی جیھانی رۆژێک بێ ئۆتۆمبێلدا، بەدەرفەتمان زانی تا بیکەینە بۆنەیەک بۆئەوەی کولتوری لێخوڕینی پاسکیل لای خەڵک ئاسایی بکەین، چیتر ئۆتۆمبێل تەنھا ھۆکاری گواستنەوە نەبێت بۆ راییکردنی ئیشوکاری رۆژانەمان، کارێک کە ئەتوانین بەپاسکیل ئەنجامی بدەین بۆپەنا بەرینە بەر ئۆتۆمبێل".
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ھونەر مستەفا گوتی: "پاسکیل پارێزەری تەندروستییە و ھۆکارێکە بۆ رێگەگرتن لەپیسبوونی ژینگە، دەمانەوێت وەک وڵاتانی جیھان پاسکیل بەکاربھێنین و شەرم نەکەین، چونکە ئێستا زۆرێک لەخەڵکی شەوانە پاسکیل بەکاردەھێنن، ئەوەش لەبەر ئەوەی وەکو پێویست بەکولتوری لێخوڕینی پاسکیل ئاشنا نەبووین".
ھونەر مستەفا گوتیشی: "بەداخەوە ئێمە شەرم دەکەین لە لێخوڕینی پاسکیل لەکاتێکدا لێخوڕینی پاسکیل عەیبە نییە بەڵکو نەخۆش بوون ناتەندروستبوونی جەستە و پیسکردنی ژینگە عەیبەیە".
بەڕێوەبەری ئۆفیسی سیروانی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان گوتیشی: "ئێمە بۆ ئەم چالاکیە تەنھا بانگەوازێکمان کردووە و ژینگەی جێبەجێکردنی پرۆژەکەمان رەخساندووە بەسوپاسەوە، ژمارەیەک لەبەرپرسانی حکومی و ھاووڵاتییان و چالاکوانان بەشداریان کردووە و ھەوڵ دەدەین لانیکەم لەسەر ئاستی نوخبە بکرێتە کولتور و پاشتر ھاووڵاتییان چاویان لێبکەن و بتوانین پێکەوە بیکەینە کولتور".
لای خۆیەوە لێپرسراوی فەرمانگەی دارایی سیروان، رێبوار عەبدوڵڵا کە بەشداریی مەراسیمەکەی کرد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خۆشحاڵم کە منێکی تا رادەیەک بە تەمەن لەگەڵ ئەم نەوە نوێیەدا لەم مەراسیمەدا بەشداریم کرد، ئەم چالاکیە بۆ من چاوەڕوان نەکراو بوو کە ژمارەیەکی باش ھاووڵاتی کۆببینەوە و پاسکیلسواری بکەین و ھیچ نەبێت بۆ ماوەیەکی کەم لە ئۆتۆمبێل دوورکەوینەوە و بگەڕێینەوە بۆ گواستنەوانەی کە دۆستی ژینگەن".
گوتیشی: "بەداخەوە ئێمە وامان لێھاتووە لەماڵەوە تافەرمانگەکەمان کە یەک کیلۆمەترە ناتوانین بەپێ ببڕین، دەبێت بە ئۆتۆمبێل بڕۆین، بەڵام ئەگەر بتوانین ئەمە بکەینە کولتور، بەدڵنیاییەوە دەتوانین گۆڕانکاریی گەورە لەتەندروستی خۆماندا بەدیبھێنین".
راھێنەری وەرزشی لە رێکخراوی ئارامیی ھەڵەبجە، ئارام خەسرەو کە بەشداریی مەراسیمەکەی کردبوو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پاسکیلسواری لەجیھاندا ئێستا گرنگی و تایبەتمەندیی و میھرەجانی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ سازدەکرێت، بەڵام بەداخەوە لێرە گرنگیەکی ئەوتۆی پێنەدراوە تا ھاووڵاتییان بتوانن وەکو پێویست ئەنجامی بدەن، لەکاتێکدا پاسکیلسواری کاریگەریەکی زۆر راستەوانەی لەسەر بایەلۆجی و فەسلەجە و وەگەڕخستنی سەرجەم جومگەکانی جەستە و تەواوی ھۆڕمۆنەکان ھەیە، کە ئەمە باشترین رێگەیە بۆ پاراستنی تەندروستی جەستە".
خەسرەو گوتیشی: "لەکوردستاندا بەداخەوە رێگای دیاریکراو بەلێخوڕینی پاسکیلسواری نییە و تائێستا نەمانتوانیوە لەسەر شەقامەکاندا رێگای دیاری کراو بۆ لێخوڕینی پاسکیل دروست بکەین کە ئەوە یەکێکێکی ترە لەکەموکوڕیەکانی رێگاوبانەکانمان و پێویستە حکوومەت بەجددی بیر لە دیاری کردن و جیاکردنەوەی رێگای پاسکیل بکاتەوە، وەک چۆن رێگای خێرا و شۆستە و ھێڵی پەڕینەوە ھەیە ئاواش رێگای لێخوڕینی پاسکیل دیاری بکرێت، لەسەر شەقامەکاندا".