ئه‌نقه‌ره
جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا يالچین ئاكدۆغان له دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئێن تی ڤی توركی، سه‌باره‌ت به باش كردنی دۆخی رابەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان عەبدوڵلا ئۆجه‌لان له به‌ندیخانه‌ی دوورگەی یمرالی كه ئایا ده‌گوازرێته‌وه بۆ به‌ندی ماڵ، یان ده‌برێته ده‌ره‌وه، گوتی "ئه‌و شتانه له رۆژه‌ڤماندا نییه. بابه‌تێك نییه قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت. هه‌روه‌ها ئۆجه‌لانیش ئه‌و بابه‌تانه ناهێنێته رۆژه‌ڤه‌وه. واتا وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌ك ناڵێت دۆخی من چی به‌سه‌ر دێت. جاروبار هه‌ندێ شت هه‌ن كه قۆناغه‌كه پێویستی پێیه‌تی. بۆ نمونه هه‌لومه‌رجی نێو به‌ندیخانه باش كرا، ته‌له‌فزیۆنی بۆ دانرا. له‌و شوێنه‌ی به‌ند كراوه كتێبی لێیه، پزیشك سه‌ردانی ده‌كات".
ناوبراو لە درێژەدا کە روون کردنەوەی قسەکانی پێشووی بوو، رایگەیاند "من باسم له‌مانه كرد، به‌ڵام له روویه‌كی دیكه‌وه قسه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌م لێكدانه‌وه‌ی زۆر جیاوازی بۆ كرابوو به‌لاڕێدا برابوون. بەو هۆیەوە پێویست بوو ئەم روونکردنەوە بدەم".
ئاکدۆغان لە درێژەی هەمان دیمانەدا لەمەڕ باروودۆخی پرۆسەی چارەسەری ئاشکرای کرد "ره‌شنووسی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ریی له مانگی ئه‌یلوولدا له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه باسی لێوه كرا و پێشانی ئۆجه‌لانیش درا، ئیمڕالی ئاگەداری نێوەڕۆک بووە. شاندی هه‌ده‌په كه مانگی ئه‌یلول سه‌ردانی ئیمڕالیان كرد ئه‌وانیش زانیاری‌یان وه‌رگرت. له‌گه‌ڵ قه‌ندیلدا كۆبوونه‌وه، پاشان نه‌هێشتنی رووداوه‌كانی ئاسایش هاته‌ئاراوه. پێش رووداوه‌كانی 6-7ی ئهیلوول حكوومه‌ت نیازێکی زۆر دڵسۆزانه‌ی هه‌بووە و پێداگرە له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه دابووی به‌ڵام چه‌ند رووداوێكیان دروست كرد بۆ له‌باربردنی پرۆسه‌كه، له‌دوای ئه‌وه له‌وێدا راوه‌ستاین، به‌ڵام له‌مه‌ولا هه‌رگیز شتێكی له‌و شێوه‌یه قەبووڵ ناكه‌ین. له ئێستادا سیستەمی گشتیی و ئاسایش له پێشینه‌ی كاره‌كانمانن". جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا لە کۆتایی دیمانەکەیدا سەبارەت بە گرنگی دیموکراسی و یاسا گوتی "بناغه‌ی كاره‌كان ئه‌وه‌یه كه ناتوانن هیچ شتێك بكه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی یاسا. ئه‌گه‌ر یاسا و دیموكراسی نه‌بێت، بنه‌ماكانی ئازادی نه‌بێت، بێگومان پرۆسەی چارەسەریش نابێت".