Abdullah Shukur
01 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2017
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لەبارەی تەقەکردنی پەیەدە/یەپەگە لە عەفرینەوە گوتی: "وەک ھەمیشە ھەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیمان و سنوورەکانمان دەگرینەبەر. ھەر ھەڕەشە و مەترسییەک لە سووریاوە یان لە ھەر وڵاتێکی دیکەوە بۆ سەر تورکیا دروستببێت، ئەمە لە داعش، پەکەکە، یەپەگەوە، لە ھەر رێکخراوێکی تیرۆریستییەوە بێت، تورکیا وەڵامی پێویستی ئەمە دەداتەوە".
کاڵن لە دوای پێشوازی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەزیری بەرگری قەتەر، خالد بن ئەلعەتییە، لە ناوەندی گشتی ئاک پارتی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لەبارەی قەیرانەکەی نێوان بەشێکی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتی قەتەر کە تاکو ئێستا بەردەوامە، گوتەبێًژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن رایگەیاند کە سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەوڵە دیبلۆماسییەکانی خۆی چڕکردووەتەوە و بەم پێیەش گفتوگۆی لەگەڵ چەندین لایەن ئەنجامداوە.
کاڵن لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دوێنێی نێوان ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "لایەنەکان لەسەر کۆتایھێنان بە قەیرانی قەتەر، کەمکردنەوەی بارگرژی و ئەنجامدانی دانوستانەکان ھاوڕابوونە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لەبارەی ناکۆکی نێوان قەتەر و وڵاتانی کەنداو: "ھەندێک ئاماژەی گەیشتن بە ئەنجام لە ئارادایە. پەیوەندییەکەی دوێنێی بەڕێز سەرکۆمار لەگەڵ ترەمپ، روونکردنەوەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا، ھەوڵەکانی میری کوێت لە کەنداو، کاتێک ھەموو ئەمانە کۆدەکەینەوە، ھاوڕاین لەسەر ئەوەی بەردەوام بین لەسەر ھەوڵەکانمان بۆ ھەنگاوی ئەرێنی".