Zana Natık Kerem
18 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2018
ئیستانبوڵ ــ AA
لووتکەی نائاسایی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی کە تورکیا لە بارەی پێشھاتەکانی فەڵەستین داوای سازکردنی کردبوو لە شاری ئیستانبوڵ دەستی پێکرد.
تورکیا سەرۆکایەتی خولی ئێستای رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی دەکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو بە ناوی تورکیا پێشوازی لە سەرکردەی وڵاتان، حکوومەت و ئەو شاندانە کرد کە لە لووتکەکەدا بەشداری دەکەن.
ھاوکات سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان وێنەی یادگاری لەگەڵ بەرپرسانی بەشداربووی لووتکەکە کرد لە نێویاندا سەرۆکی نۆ وڵات، نوێنەران، سەرۆک و سەرۆکوەزیران و سەرۆکەکانی پەرلەمانی ھەشت وڵات ھەیە.
وەزیرانی دەرەوەی ١٥ وڵات کە لە نێویاندا سعوودیە، میسر، بەحرێن و ئیمارات هەن لە لووتکەکەدا بەشداری دەکەن.
لە میانی لووتکەدا، پێشھاتەکانی فەڵەستین تاوتوێ دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت راگەیەنراوێک لە کۆتایی لووتکەکەدا بڵاوبکرێتەوە، ھەروەھا دوای لووتکەکە ھەریەکە لە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمینداری گشتی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی، یوسف بن ئەحمەد عسیمین، سەرۆکی حکوومەتی فەڵەستین، رامی حەمدەڵڵا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز بکەن.
رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەردۆغان وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ شەھیدکردنی دەیان فەڵەستینی لە کۆمەڵکوژییەکەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، داوای بەستنی لووتکەیەکی نائاسایی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی کردبوو.