Merve Yıldızalp
21 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2023
ئادیامان – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی بڵاو دەکرانەوە، ئێمە لە هەڵبژاردنەکاندا، زۆرترین دەنگی گەنجانمان بە دەست هێنا".
ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردن لە دیداری گەنجانی ئادیامان کە لە کەمپی هاوکاریی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و کولتووری بەشپنار ئەنجام درا ئاماژەی بەوە دا کە جارێکی دیکە ویستوویەتی یەکەم سەردانی بۆ ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان لەگەڵ گەنجان بێت.
سەرکۆمار ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی کە بەو پشتیوانییە و وزەیەی لەو گەنجانەوە وەری دەگرن، جارێکی دیکە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان بەسەر دەکەنەوە، گوتی: "لە کاتی روودانی بوومەلەرزەکانەوە لە شەشی شوبات کە گەورەترین کارەساتی وڵاتەکەمان بوو، هاتووینەتە ئەم ناوچانە".
سەرکۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە لە قۆناغی داهاتوودا هەر بەوەوە ناوەستن تواناکانی پەروەردە بۆ گەنجان فراوانتر بکەن، بەڵکو بە جۆرێک تواناکان بەرز دەکەنەوە کە گەنجان بتوانن کێبڕکێی لەگەڵ گەنجانی جیهان پێ بکەن و گوتی: "جاران کەسانی پێگەیشتوو روویان دەکردە دەرەوە، بەڵام ئێستا بووینەتە وڵاتێک کە ئەوانەی لە دەرەوە پێگەیشتوون دێنە تورکیا. خوا یار بێت هەنگاو هەنگاو پێکەوە تورکیایەکی بەهێزتر و مەزنتر شێوە پێ دەدەین".
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە گەنجان ئاییندەی تورکیان و گوتی: "ئیدی ئێمە میوانی دەمکاتی ئێوەین. ئەرکی من وەک سەرکۆمار ئەوەیە تورکیایەکتان بۆ بەجێ بهێڵم کە خەونەکانتان بە ئاسانترین شێوە بەدی بهێنێت".