Enes Kaplan,Rewa Mahmut Hasan
02 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2017
لەمیانی ٣٨ هەمین کۆبوونەوەی موختارەکان لە کۆشکی کۆماریی، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا باسی لە ئاسایشی تورکیا و داهاتووی وڵاتەکە و پاراستنی سنوورەکانی تورکیا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە پاراستنی سنوورەکان تەنیا لەرێی بەرەنگاریی ناوخۆییەوە بەدی نایەت و رایگەیاند کە بەهۆی هەڵدانی هاوەن و مووشەک لە سنووری سووریاوە بۆ ناوخاکی تورکیا، چەندین کەسی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە لەدوای تەقینەوەکەی عەنتابەوە کە بووە هۆی گیانلەدەست دانی ٥٣ کەس بڕیاریان داوە کە دەست بکەن بە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات لەناو خاکی سووریا و بەهۆیەوە چوونەتە ناو جەرابلوس، راعی، ئەلباب لە سووریا و ناوچەکەیان لە داعش پاک کردووەتەوە و دواتر رادەستی عەرەبەکانی ناوچەکە کراونەتەوە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە بێ گوێدانە ئەملاو لا سەرەڕای فشارەکان، ئۆپەراسیۆنەکەیان گەیاندووەتە ئامانجی خۆی و ئەگەر بێتو جارێکی تر هەر دەستدرێژیەک بۆسەر خاکی تورکیا ئەنجام بدرێت، ئەوا دیسان چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەن.
لەدرێژەی گوتەکانیدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە بۆ پاراستنی سنوورەکانیان تەنیا بە هەڵچنینی دیوارەوە ناوەستن و گوتی: "بەدرێژایی ٦٥١ کیلۆمەتر دیواری توندوتۆڵ هەڵچنراوە، بە درێژایی سنوور ئەمە ئەنجام دەدرێت. بەو شێوەیەش رێگری دەکرێت لە هاتوچۆی تیرۆریستان، بەڵام تەنیا بەدیوار هەڵچنیەوە ناوەستین، هاوکات بە ئامرازی پێویست پرچەکیان دەکەین. کارەکە ئاسان دەکەین، لە سنووری عێراقیش هەمان شت دەکەین لە سنووری ئێرانیش ئەو شوێنانەی کە گونجاوە، ئەمە جێبەجێ دەکەین تێیدا. چونکە خوازیارین کە ئیتر هاتوچۆ بۆ وڵاتەکەمان کۆنترۆڵی زیاتر بکرێت. تەنیا چەند خاڵێکی دیاری کراوی هاتوچۆ هەبێت".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئاوارەی هەڵهاتووی دەستی تیرۆر گەڕاونەتەوە
ئەردۆغان گوتیشی: "ئەگەر دەمانەوێت لە وڵاتەکەماندا بە ئاسوودەیی بژین، سەرەتا دەبێت لەوبەری سنوورەکانمان ئاسایش بەرقەرار بکەین. ناچارین ھەم بۆ ھاووڵاتیانی خۆمان و ھەمیش بۆ ئایندەی ئەو برایانەی پەنایان بۆ ئێمە بردووە، ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەین. ببوورن ئەوانەی خوازیارن ئێمە بێدەنگ بین بەرامبەر بە دروست کردنی دەوڵەتێکی تیرۆر بەدرێژایی سنوورەکانمان، ئەوانە ھیچ کات ئێمەیان نەناسیوە. دەشێت پێشتر بەھۆی دزە کردنی گرووپە ناپاکەکان کە تێکەڵ بە دەزگاکانمان ببوون، ئەم کارەیان کردبێت، بەڵام ئیتر ئەم رۆژانە بەسەرچوون".
سەرکۆماری تورکیا لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە نیگەرانییەکانی تورکیا کرد و گوتی: "ئێمە پێکەوە لەگەڵ براکانمان لە وڵاتەکەم و ناوچەکەمان، بۆ ئاسایش و خۆشگوزەرانی و چاکەی گشت جیھان کار دەکەین. بە تایبەتی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ھەڵوێستێکی پێچەوانە لە بەرامبەر ھەستیاری و بانگەوازییەکانمان لە ئارادایە. ھەر کاتێک گوێ بە قسەکانی تورکیا نەدرێت، ئەوکات لە ھەر شوێنێکی جیھان رووداوە تیرۆریستییەکان زیاتر دەبێت. لەم ماوانەی دواییدا ھێرشێکی زۆری خوێناوی لە ئەفغانستان و فەڕەنسا و پاکستان و سوید و عێراق و بەلجیکا و سووریا و بەریتانیاوە بگرە تاوەکو فلیپین و ئەڵمانیا ئەنجام درا. لەکاتێکدا تورکیا پێنج ھەزار گومانلێکراوی تیرۆری دێپۆرت کرد و ئاگاداری لەبارەی ئەو گومانلێکراوانەی تیرۆر راگەیاند و قەدەغەی گەشتی لەسەر ٥٣ ھەزار کەس بۆ وڵات پەیرەو کرد، کەچی بەداخەوە ئەمڕۆ ھاوکاری ئاڵۆگۆڕی ھەواڵگری جددیمان لە وڵاتانی ئەورووپا وەرنەگرتووە".
ئەردۆغان ھێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمریکای وەبیرھێنایەوە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر روویدا و زیاتر گوتیشی: "تیرۆریستێکی رەگەزپەرست لە ئەمریکا ھێرشی کردە سەر دوو ئافرەت کە تەنھا و تەنھا موسڵمان بوون. ھاوکات ئەو تیرۆریستە بە چەقۆ ھێرشی کردە سەر دوو کەسی دیکە کە بەرگرییان لەو دوو ئافرەتە دەکرد و دواتر گیانیان لەدەستدا. سەرنجتان رادەکێشم، ئەمریکا ئەم رووداوە وەک 'تیرۆریستی' تۆمەتبار ناکات. ھەرچەندە ئەمە بە "نەفرەتی" تۆمەتبار بکات، بەڵام ئەمە ھێرشێکی تیرۆریستییە. چۆن دەتوانیت بڵێیت تۆمەتی نەفرەتی؟ ئەی ئەمریکا لە رووی ئابوورییەوە گەورەترین وڵاتی، بەڵام ببورن کاتێک دێیتە سەر بابەتی ماف و دادپەروەری وا نییە. لە ئەمریکا تاکو ئەمڕۆ نەریتێک ھەبوو کە لە ھەموو رەمەزانێکدا وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا خوانی بەربانگیان بۆ موسوڵمانانی ئەوێ دەدا. بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەم رەمەزانە بەربانگەکەی ھەڵوەشاندەوە. ئەی کوا دەتانگوت جیاکاری نییە؟ کوا دژایەتی باوەڕتان نەدەکرد؟ باشە ئەوەی دەیکەن چییە؟ بێگومانم ئێمەش بمانەوێت نەمانوێت تێڕوانینمان دەگۆڕێت. ئێمە سەیری کردار دەکەین نەک قسە. ھەروەک چۆن ئەو کەسانەی لە میسر ھێرشیان کردە سەر کریستیانەکان تیرۆریستن، ئەوانەی لە ئەمریکا تەنھا بەھۆی ئاینییەوە ھێرشیان کردە سەر ئافرەتێک و ئەوانەی بەرگرییان لە کوشتنی ئەو کەسە یاخود ئەو کەسانە کرد تیرۆریستن".