Rewa Mahmut Hasan
24 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2015
مۆسکۆ
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی بەشداری کردنی لە مەراسیمی کردنەوەی مزگەوتی ناوەندی مۆسکۆدا گوتەیەکی پێشکەش کرد.
لەو مەراسیمەدا كە سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتینیش بەشداربوو، ئەردۆغان گووتەیەكی پێشكەش كرد و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی كرد كە بەشداریان كردووە لە درووست كردنی مزگەوتی ناوەندی مۆسكۆ و گوتی: "هیواخوازم لە خوا كە مزگەوتی ناوەندی مۆسكۆ، كاریگەری هەبێت لەسەر ئەو ئاشتیەی ئەمڕۆ وەك مرۆڤایەتی پێویستمان پێیەتی. ئەو پەیوەندیە مێژووییەی لە نێوان ئێمە و مسوڵمانانی رووسیادا هەیە، كاریگەری باشی دەبێت لەسەر دۆستایەتی توركیا و رووسیا .هانمان دەدات بۆ بنیاتنانی پەیوەندیەكی بەهێزتر".
ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی گوتەكانی ئاماژەی بەوەدا كە رووسیا ئەزموونێكی باشە بۆ پێكەوە ژیانی هەموو ئەو لایەنانەی بیروڕا و رەگەزیان جیاوازە و گوتی: "جارێكی دیكە لێرەوە لە مۆسكۆ شایەتی پێكەوە ژیانی هەموولایەنە جیاوازەكانین، لەبەرامبەر ئەو تابلۆ جوانەدا خۆشحاڵین، بەڵام بە داخەوە لە زۆر شوێنی جیهاندا پێچەوانەی ئەمە دەبینین. ئەو سیاسەتە جوداكاریەی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستینیەكان پەیڕەوی دەكات، ئەو پێشێلكاریانەی ئیسرائیل لە مزگەوتی ئەقسا پەیڕەوی دەكات، مرۆڤایەتی دەباتە دۆخێكی مەترسیدارەوە. خەڵكی سووریا، عێراق، میسر، لیبیا، یەمەن و وڵاتانی نزیك لەناوچەكە لەدەست ناوچەكە هەڵدێن و بەرە و سنوورەكانی ئەورووپا دەچن و چەندین تابلۆی خەمبار نیشانی جیهان دەدرێت كە پێویستە مرۆڤایەتی شەرمی لێبكات".
لەبەشێكی دیكەی گوتەكانیدا ئەردۆغان گووتەیەكی تۆلستۆی بۆ ئامادەبوان بەنموونە هێنایەوە كە دەڵێت،"باشترین هەوڵ لە ژیاندا، چاكە كردنە" لەو رێیەوە بانگەوازی دا بۆ تەواوی جیهان و گەلان و دەوڵەتانی دونیا و راگەیاند تۆلستۆی لە چیرۆكیكی تردا دەڵێت ،"ئەو ئاگرەی بەئەنقەست هەڵدەكرێت، جگە لە ماڵەكە دەشێت لەگەڵ خۆی گوندێكیش بسوتێنێت".
بۆیە دەبێت لەو روانگەیەوە تەماشای رووداوەكانی ناوچەكەمان بكەین، دەبێت ئەو ئاگرەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵكراوە، بە چاكە كردن بیكوژێنینەوە، بۆیە ئێمە باوەشمان بۆ دوو ملیۆن ئاوارە كردەوە كە لە عێراق و سووریاوە پەنایان بۆ وڵاتەكەمان برد . ماوەی ٤ ساڵە هەموو یارمەتیەكی ئەو مرۆڤانە دەدەین، كێشەی پەنابەران بە داخستنی سنوورەكان و رێگەدان بە مردنیان لە دەریاكاندا چارەسەر ناكرێت، بەڵكو دەبێت وڵاتەكانیان سەرلەنوێ وا لێبكەنەوە كە خەڵك بتوانێت تیایدا بژیت".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا كە توركیا بەدرێژایی مێژوو شوێنێك بووە بۆ پێكەوە ژیانی بیروڕا جیاوازەكان.