Abdullah Shukur
06 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2017
ئورفا
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ھەندێک لایەن لە بەرامبەر رووداوەکاندا بەگوێرەی ناسنامە و ئایدۆلۆژیای تیرۆریستەکە ھەڵوێست نیشان دەدات. ئەگەر کوڕی باوکمان بێت و ناپاک بێت، ئەوا پێویستە ئێمە ئەمە بە لایەنی پەیوەندیدار رابگەیەنین".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە خوانێکی ھۆتێلی نەڤالی کە لە لایەن پارێزگای ئورفا بە مەبەستی کۆکردنەوەی نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە دیارەکان سازکرابوو، وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تورکیا لە دژی رێکخراوەکانی تیرۆریستی گوتی: "چیمان گوتبوو؟ 'دەچینە قوڵایی ئەم پێکھاتەیەوە. ئەوان ئێستا نازانن بۆ کوێ ھەڵبێن. ئەمانە بە شێوەیەکی جددی لە شارە گەورەکان کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن. زوو یان درەنگ کۆتایی بەم کارە دەھێنین. پێویستە ئەوە لەبیر نەکەین. ئێمە ئەم وڵاتەمان لەسەر مێزی گفتوگۆ دانەناوە، بەڵکو بە خوێن و رەنجی شەھیدان لە گۆڕەپانی شەڕکردن داناوە".
ئەردۆغان راشیگەیاند کە کەس ناتوانێت تورکیا بێ ھێز بکات و گوتیشی: "کەس ھەزمی تورکیایەکی بەھێز ناکات. دەزانن کە تورکیایەکی بەھێز چ سەرکەوتنێک بەدەست دەھێنێت. بتانەوێت و نەتانەوێت ئێمە لەم کارە سەرکەوتوو دەبین. ھەرچییەک بکەن با بیکەن، ئێمە سیناریۆی رێکخراوانی تیرۆریستی و ھەوڵەکاتی تێکدانی ئابووریمان قبووڵ نەکردووە و ناشیکەین".
سەرکۆماری تورکیا ئاشکراشی کرد کە لە ھەوڵی پێدانی مافی ھاوڵاتیبووندان بەو ئاوارە سووری و عێراقیانەی کە لە تورکیا ژیان بەسەر دەبەن و گوتیشی: "لە نێو ئەو ھاووڵاتییە عێراقی و سووریانەی کە لە ناوە و دەرەوەی تورکیادان، ئێستا وەزارەتی ناوخۆ رێکاری پێویست دەکات. لە ئەنجامی ئەمەش لە کۆتایی ئەم رێکارییە بەشێکی ئەم ئاوارانە مافی ھاووڵاتی بوونیان پێ دەدەین. چونکە لە نێو ئەمانە کەسانی پێگەیشتووی زۆر باش ھەن. پزیشک و پارێزەر و ئەندازیارانیان تێدایە. سوود لەمانە وەردەگرین. لە جیاتی ئەوەی بە قاچاخ کاربکەن، با بێن وەک رۆڵەی ئەم گەلە وەک ھاووڵاتی کار بکەن".
ئەردۆغان گوتیشی: "گرنگترین کاری ھەواڵگری، ھەواڵگری تەکنیکی نییە، بەڵکو ھەواڵگری مرۆییە. لەوبارەیەوە موختارەکانمان، ھەروەھا ئەگەر ھاووڵاتیانمان ئێمە ئاگادار بکەنەوە، ئەو کاری ھێزەکانی ئەمنیمان ئاسانتر دەبێت. ئەگەر دەمانەوێت رەگی تیرۆر وشک بکەینەوە، ئەوا سەرەتا پێویستە ئیدانەی ھەموو جۆرە ھێرشێکی تیرۆریستی بکەین و بەشێوەیەکی رێک و بوێرانە ھەڵوێست نیشان بدەین".
سەرکۆماری تورکیا جەختی لەوەش کردەوە کە کەسانێک دەیانەوێت تورکیا بە رێگەی رێکخراوەکانی تیرۆریستی بێ ھێز بکەن و رووبەڕووی کێشەی ناوخۆی بکەنەوە و زياتر گوتیشی: "دەیانەوێت بە رێگەی رێکخراوەکانی تیرۆریستی ھێزمان تێک بشکێنن. ئەوان دەیانەوێت تورکیا نوقمی کێشەی ناوخۆ بێت و ناسەقامگیر بێت، نەک سەربەخۆ و بەھێز. بۆ ئەمەش کام لە رێکخراوانی تیرۆریستی ئامادەی خۆبەکارھێنان بن، بەکاریان دەھێنن. ئەوانەی کە خۆیان کردووەتە بەندەی تیرۆر چ بیانووێک بۆ ئەو ناپاکیەکانیان دەدۆزنەوە. بۆ ماوەی ٤٠ ساڵە بە بیانووی خزمەت و پەروەردە، رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ دزەیان کردە نێو دەزگاکانی دەوڵەت، ئایا کوژرانی ٢٤٨ ھاووڵاتیمان لە لایەن ئەو رێکخراوە چ روونکردنەوەیەکی دەبێت؟".
ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا گوتیشی: "ئەمڕۆ گەل متمانەی بە حکوومەت و دەوڵەت ھەیە، سەرەڕای پروپاگاندە لە دژی دەوڵەت، من لە حزوری ئێوە دەمەوێ سوپاسی دەوڵەت باخچەلی بکەم بەھۆی ھەڵوێستی جوامێرانەی".