ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تایب ئەردوغان لە کۆبونەوەی فراوانی پارێزگاکان لە ناوەندی گشتی AK پارتی رایگەیاند: "پروسەی ئاشتی و چارەسەری شکستی نەھێناوە و بەردەوامە و ھەنگاوە بەرچاوەکانیش ئەم ڕاستیە دەسەلمێنن."
ئەردوغان ھەروەھا گوتی: "نزیکەی ساڵێکە حەوت ھەرێم بەتایبەت لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژھەڵاتی باشوری تورکیا ھیچ کیشەیەکیان نەبوە و دوکاندارەکان لە کاری خۆیان بەردەوامن و چیاکانی ڕۆژھەڵات دەبنە شوێنی گەشتیاری بەجورێک ھاووڵاتیانی ئەو ھەرێمە ھەست بە ئاشتی و ئارامی دەکەن."
لەبارەی ئاسایشی شارەکان ئەردۆغان گوتی: "لە جەژنی قوربان ھۆتێلەکانی شاری مێردین لە گەشتیار پربوون و ئیتر گەلی ئێمە بە ھیوایە و ئەو شوێنە دەنگی چەک و توندوتیژی نابیستێت و کێشەکانمان چارەسەر دەکەین و چارەسەر بۆ ھەموو کێشەکان دەدۆزینەوە."
ھەرەوھا ئەردوغان گوتی: "من بە دڵ وگیان دەڵێم ھاوڵاتیانی ناوچەکە و گەلی تورکیا بەشێوەیەکی گشتی خێر و خۆشیان لەو پرۆسەیە بینیوە و ناخوازن رۆژە ناخۆشەکان بگەڕێنەوە، من بانگەوازی براکوردکان دەکەم با پێکەوە ئەم ھێڵە لە مەیدان ھەڵگرین و تورک، کورد،لاز و چەرکەز با دەستی یەکتر بگرین و پێکەوە خەبات بکەین."
ئەردوغان ئاشکراشیکرد ئەو ئارامی و ئاسایشە مایەی ئازارە بۆ ھەندێک کەس بەتایبەت ئەوانەی کاری تیرۆر دەکەن چونکە ئەوان ئێستا بێکارماون، ئێمە دڵنیاین رۆژانی تاریک ناگەڕێنەوە و بۆ ئەوەی ئەو پروسەیە بەردەوام بێ ھەموو ھێزێکی خۆمان بەکار دەھێنین.