ئەدیرنە
ھونەرمەند فەرھاد تونچ بۆ ئەنجامدانی كۆنسێرتێك سەردانی شاری ئەدیرنەی كرد. تونچ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند لە كاتی كۆنسێرتێكیدا وتارێكی پێشكەش كردووە، دواتر لەسەر ئەو وتارەی سكاڵای لەسەر تۆماركراوە، ئەویش لەبەرامبەردا كەیسەكەی گواستووەتەوە دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەورووپا و داوای قەرەبووی لە حکوومەتی تورکیا كردووە.
سەبارەت بە كەیسەكە فەرھاد تونچ گوتی: "لە شاری ئایدن لە كاتی كۆنسێرتێكمدا وتارێكم پێشكەش كرد. دەربارەی ئەو وتارەم سكاڵایان لەسەر تۆماركردم بە بیانووی ئەوەی كە من تەنیا رێگەم پێدراوە كە گۆرانی بڵێم و مافی وتار پێشكەش كردنم نییە. بەو ھۆیەوە سزای زیندانی سێ مانگم بەسەر دا سەپێندرا. من لە توركیا لەسەر گۆرانی گوتن یان لەسەر وتار پێشكەش كردن سزا نەدراوم بەڵكو لەسەر ئەوە سزا دراوەم كە مۆڵەتی قسەكردنم وەرنەگرتووە، ئەو كەیسە بە كەیسێكی تراژێدی دەبینم بۆیە بڕیارم دا كە كەیسەكە بۆ دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەورووپا بگوازمەوە.
دادگای ئەورووپا سزای ھونەرمەندەكەی رەتكردووە و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەو ھونەرمەند لەگەڵ ئەوەی كە گۆرانی دەڵێت ئازادە لەوەش كە بیروڕای خۆی بە ھەوادارانی بڵێ. ھەر بۆیە بڕیاردرا كە توركیا لەبەرامبەر ھونەرمەندەكە قەرەبوو بكرێتەوە بە بڕی 4 ھەزار و 250 یۆڕۆ سزا بدرێت. ھونەرمەند فەرھاد تونچ سەبارەت بەو بڕە پارەیە گوتی "ئەو پارەیەی كە وەكو قەرەبوو وەرمگرتووە بۆ بونیادنانەوی كۆبانێ ی دەبەخشم. من پێشتریش چەند كەیسی دیكەم بۆ دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەورووپا بەرز كردووەتەوە ئەوەش یەكێك بوو لەوان".
ھونەرمەند فەرھاد تونچ ساڵی 2003 لەكاتی كۆنسێرتێكیدا ئاماژەی بە چارەسەر كردنی پرسی كوردی كردبوو ھاوكات رەخنەی لە حكوومەت گرتبوو لەسەر ئەو وتارانەی رووبەڕووی دادگا كرابووەوە ئەویش ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەكەی توركیا دەربڕی و كەیسەكەی بۆ دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەورووپا بەرز كردبووەوە.