Miraç Kaya
08 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2021
باڵکئەسیر- AA
لە پارێزگای باڵکئەسیر بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکەوە، ١٥ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٨ی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە لەسەر رێگای سەرەکی نێوان زۆنگوڵداک-ئیزمیر روویداوە.
هەر لە شوێنی رووداوەکە، ١١ کەس گیانیان لەدەست دا و تیمەکانی فریاکەوتن بەخێرایی سەرجەم بریندارەکانیان گەیاندە نەخۆشخانەکان.
چوار لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە لە کاتی گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست دا، سێ لە بریندارەکانیش کە برینەکانیان سووک بوو دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان بەجێهێشت و لەئێستادا چارەسەرکردنی ١٤ بریندارەکەی دیکە بەردەوامە.
دەربارەی رووداوەکەش لێکۆڵینەوە دەستی پێ کردووە.
پارێزگاری باڵکئەسیر، حەسەن شڵداک سەردانی بریندارەکانی رووداوەکەی کرد و لە نزیکەوە دەربارەی دۆخی تەندروستییان زانیاری وەرگرت.
حەسەن شڵداک لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکانیان گیراوەتەبەر و گوتی: "بەشێک لە بریندارەکان برینەکانیان سووک بووە و ئەوانەشی برینەکانیان سەخت بووە، نەشتەرگەرییان بۆ کراوە. تا ئێستا هۆکاری رووداوەکە بەتەواوی نازاندرێت و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. نزای لێخۆشبوون بۆ ئەو کەسانە دەکەم کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم".
هەروەها ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی ئاک پارتی، مستەفا جانبەی و بەلگین ئویگور سەردانی بریندارەکانیان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ خواستن.
یەکێک لە بریندارەکان بە ناوی عایشە کەسگین باسی لە ساتی رووداوەکە کرد و گوتی: "من خەوتبووم و لە کاتی رووداوەکەدا، بەئاگا هاتم. سەرەتا بۆ جانتاکەم گەڕام. هیچ سەرنشینێک لە دەورووبەرم نەبوو. لە کورسییەکەی پێشەوە ژنێک تەلەفۆنی بەدەستەوەبوو پێمگوت با تەلەفۆن بۆ فریاکەوتن بکەین، بەڵام ئەو بەجۆرێک شڵەژابوو کە نەیدەتوانی تەلەفۆن بکات. کەسێکی دی تەلەفۆنی بۆ فریاکەوتن کرد. من نەموێرا لە جامەکەوە خۆم هەڵبدەمە دەر. دواتر پیاوێک هات و منی لە پاسەکە هێنایە دەر. لە دەرەوەی پاسەکە هەمووان برینداربوون و لەو ناوەدا کەوتبوون، منیش چەند پەراسویەکم شکاوە".