ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا (بولەند ئارنچ) لە بەرنامەی (ئیسکەلە سەنجاقی -کاناڵی٧) وەڵامی چەندین پرسیاری سەبارەت بە رووداو و پێشھاتە سیاسییەکانی تورکیا دایەوە.
ئارنچ ئاماژەی بەوەکرد ئەو پرۆژەی پێی دەگوترێ "پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن" لەو کاتەیەوە پارتی دادوگەشەپێدان بووەتە دەسەڵاتدار، جار جار بە ھۆی ئەو گۆڕانکارییانەی بۆ نزیک بوونەوە لە (یەکێتی ئەوروپا) ھاتوونەتە ئاراوە، بووەتە بابەتی مشتومڕ، جار جار دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بریارێک دەر دەکات و ئێمەیش بە گوێرەی ئەو بریارە لە نێو یاساکانی خۆماندا گۆڕانکاریی دەکەین. جارجاریش لە چوارچێوەی پرۆژەی یەکێتی نەتەوەیی و برایەتیدا، پێویستە یاسای بۆ دەرکرێت.
یا پێویستی بە رێوەشوێنی ئیداری دەبێت و بە ھەر ھەمووی دامودەزگاکانی حکومەت دەڵێن: پێویستە وا بکرێت. جار جاریش بریارنامەیەک دەر دەکرێت یا ھەندێ جاریش یاسایەک دەر دەکرێت بۆ نموونە ئەو دەزگایانەی کە لە ژێر سەرپەرەشتی مندان وەکو تی ئار تی، دەزگای خوێندنی باڵا و وەقف وناوەندەکانی دیکە جار جار بە یاسا و جارجاریش بە بریارنامە دەست بە گۆڕانکاری و نوێبوونەوە دەکەین.
ئارنچ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد لەکۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا دەست بە ئامادەکردنی پاکێجی دیموکراتیزاسیون کراوە "زۆر شت ھەبووە کە لەو کاتەدا جێبەجێمانکردوون و زۆر شتی دیکەیش ھەن دەبێـ جێبەجێ بکرێن، بەڵام ناکرێ وەکو بەرھەمێکی قۆناغی چارەسەری سەیری ئەم گۆڕانکارییانە بکرێ یا بگوترێ بە ھۆی قۆناغی چارەسەرییەوە دەست بە گۆڕانکاریی یاساکانکراوە، ئەگەر وا بکرێت ئەوا پاڵپشتی پرۆپاگەندەکانی پەکەکەمان کردووە، بۆ نموونە ئەمرۆ پەکەکە باسی راوەستاندنی پرۆسەی کێشانەوە دەکات و ھەندێک کەس و لایەنیش دەڵێن ئەگەر پێویست بکات دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی سەربازیی، ئێستا ئێمە سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ کاروبارێکی نوێن، رەنگە جەھەپە یا مەھەپە یا ھەر کەسێکی دیکە بڵێ بینیتان کاتێ پەکەکە ھەڵوێستی نواند پارچەکانی حکومەتیش یەکیان گرتەوەو دەستیان بە جێبەجێ کردنی ئەو کار و ئەو ھەنگاوانەکرد. ئەمانە ھەر ھەموویان دوورن لەڕاستی چونکە ئەم ھەوڵدانانەی حکومەت لە رابردووەوە دەستیان پێکردووە و ئێستەیش بەردەوامن بەڵام پێویستیمان بە گونجاوبوونی کات و سات ھەیە".
ئارنچ ھەروەھا درێژەی پێدا " لەڕووی سیاسییەوە پێویستە ئێمە لەم بوارەدا بڕیاری خۆمان بدەین، بۆ ئێمە ھیچ گرنگ نییە کە لە نێو پەکەکەدا یەک وایگوتووە و ئەوی دیکە وایگوتووە، ٣٥ ساڵە ئەو شەڕە بەردەوامە بەڵام ئەمرۆ مەسەلەی شەڕ لەنێو قۆناغەکەدا دەرخراوە و ئەو گۆڕانکارییانە کە کراون ھیچیان لە سەر داواکاری پەکەکە یا بە زۆری چەک نەکراون، کاتێک کە زەمان گونجاو بوو ھەلی باش رەخسا ئەوا خەڵک دەبینێ کە ئیرادەی سیاسی بە ھۆی ھێز و توانایی خۆیەوە ئەم گۆڕانکارییانەی کردووە، لەرابردوو ئیرادەیەکی بەمجۆرە نەبوو و ئەم گۆڕانکارییانە نەکراون".
سەبارەت بەوەی ئایا ئەم پاکێجەو ھەوڵدانەکانی ئامادەکردنی، گرێدراوی بریاری راگرتنی پرۆسەی کێشانەوەی پەکەکەیە یانا ناوبراو گوتی "رەنگە کات نەڕەخسێ بۆ من یا بۆ ھەر یەک لە ھاوکارانم وەڵامی ئەم پرسە بدەنەوە بەڵام لەم بەرنامەیەدا من دەڵێم ئەو کارانەی کە لە لایەن ئێمەوە جێبەجێ کراون رابردوویەکیان ھەیە رەنگە ئەمرۆ نەتوانن ناوەڕۆکی ئەم کارانەی ئەنجام دراون ئاشکرا بکەن بەڵام لە کۆتایی مانگدا رای گشتییان لێ ئاگادار دەکرێتەوە و دواتریش دەکرێن بە پرۆژە یاسا، کۆتایی بە ئامادەکارییەکان ھاتووەو سەبارەت بەم پرسە پێویستە دووبارە لەگەڵ سەرۆکوەزیردا کۆ ببینەوە، چونکە ساڵێک لەمەوبەر دەستیان بە دانانی بنەماکانی ئەم پرۆژەیە کردووە و ئێستەیش ئارمانجە سەرەکییەکان خاڵ بە خاڵ دەستنیشان کراون و دەرفەتیان بۆ رەخساوە کە بەشێ لەم خاڵانە جێبەجێ بکەن".
سەبارەت بەدەنگۆی تێکچوونی قۆناغی چارەسەر، جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی" ئەگەر ئەمرۆ چەند کەسێک ئەم جۆرە دەنگۆیانە بڵاو دەکەنەوە ئەوا لە رابردوویشدا چەند کەسێکی دیکە ئەم دەنگۆیانەی بڵاو کردوەتەوە، ئێمە باش دەزانین کە لە نێوانیاندا تۆزێک گۆڕانکاریی لە نێو پۆستەکانیاندا کراوە، بەڕاستی مەسەلەی کاروباری ناوخۆیی پەکەکە ئایا پەکەکە چۆن بەرێوە دەبرێ و نەخشە رێگای بەرێوەبردنی چۆنە، بابەتێ نییە ئێمە سەری خۆمانی پێوە سەرقاڵکەین. چونکە یەک ئارمانجی سەرەکی ئێمە ھەیە و ئەویش ئەوەیە کۆتایی بە مەسەلەی تیرۆر بێنین. بۆ ئەوەی ئەو تێکۆشانەی تا ئەمرۆ کراوە بگاتە ئەنجام تاقی کردنەوەی ئەم رێگایە بۆ تورکیا پێویست بوو، ھاوپەیمانییەکی لاواز یا فراکسیونێکی بێ ئیرادە نەیدەتوانی مەترسییەکانی ئەم ریسکە رەچاو بکا بۆیە پێویستی بە ئیرادەیەکی بەھێزی سیاسی ھەبوو بەڵام دوای ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١١ دەسەڵاتی ئاکەپە زیاتر لە سەدا ٥٠ی دەنگەکانی بە دەستھێنابوو، چ لەبواری مادی چ لە بواری بوژاندنەوەو ئاوەدانکردنەوەدا سەردەمێکی نوێ دەستپێکرد و دوای ئەم سەردەمە ئەگەر ئەم پرسە دێرینە چارەسەر نەکات ئەوا ناحەقی لەو سەدا ٥٠ی دەنگدەرەکانی خۆی کردووە".
سەبارەت بە مەسەلەی پەروەردە بە زمانی دایک، ناوبراو جەختیکرد ئە پرسە لەلایەن سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (کەمال کڵچدار ئۆغڵو) و سەرۆکی گشتی پارتی رەگەزپەرستی تورک (دەوڵەت باخچەلی) یەوە وەلا نراوە "زمانی دایکی وەکو شیری دایک حەڵاڵە، دەستووری ھەنوکەیی تورکیا لە بەردەم پەروەردە بە زمانی زگماک ئاستەنگەو ئەو کۆمسیونەیش کە بۆ ئامادەکردنی دەستووری نوێ راسپێردرابوو تەنیا لە سەر خاڵی: ئای ئەمرۆ کەشوھەوا چەندە خۆشە لە یەکیان کردووە"
.
ئارنچ ھەر سەبارەت بە مەسەلەی پەروەردە بە زمانی زگماک گوتی " با وای دانێین کە دەستوور گۆڕاو دان بە مافی پەروەردە بە زمانی زگماکدا نرا، بەڵام ئایا زمانی دایک تەنیا زمانی کوردییە؟ نا چەندین زمانی دیکە ھەیە، بەڵام با زمانی کوردی بە ئەساس وەربگرین ئایا ئەوەندە مرۆڤی پێگەیشتوومان ھەیە کە بتوانێ بەمزمانە خەڵک پەروەردە بکات؟ وانەی فیزیک، بیرکاریی، جوگرافیا، پەیوەندییەیاسییەکان بڵێتەوەو دیپلۆ بە خەڵکانی دیکە بدات؟ بۆ نموونە تەنیا چەند قوتابخانەیەک لەھەرێَمی کوردستان ھەن، باشە منداڵانی خۆتان بنێرن با چنە باکووری عێراق، دەڵێن نا منداڵەکانی خۆمان بەڕێناکەین. تۆ لە دژی بە ھەڵمەتی وانەی ھەڵبژاردەی من دەکەی و دیارە کە ئامانجی تۆ خواردنی تێرێ نییە بەڵکو لێدانی باخچەوانە".
جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا بولەند ئارنچ سەبارەت بە دۆزی ٢٨ی شوبات و بەشداری کردنی ئاکەپە لەم دوزەدا گوتی: تورکیا بە ھۆی ٢٨ی شوباتەوە رووبەرووی زەرەر و زیانێکی گەورە بووەتەوە و پێویستە لەم بوارەدا بەشی میدیاکان لە بەشی سەرمایە یا ئەو کەسانە کە بە سەرمایەی خۆیان پشتگیرییان لە ٢٨ی شوبات کردووە لە یەکتر جیا بکرێنەوە، ھەندێک لە سیاسەتمەدارەکان ئەو کاتە باسی ئەوەیان دەکرد کە دەستوەردانییەک وەکو دەستوەردانییەکەی ٢٨ی شوبات بۆ تورکیا گرنگ و پێویستە و ئاگادارین کە بۆ دەستخۆشی کردن لە فەرماندەکانی ئەو کاتەی سوپای تورکیا ئەم سیاسەتمەدارانە نۆرەیان گرتبوو.
بیًگومان ئەو کەسانە کە بە ھۆی ئەم رووداوانەوە رووبەرووی زەرەر و زیان بوونەتەوە پێًویستە بەشداری لە پرۆسەی دادگایی کردنی بەرپرسانی ٢٨ی شوبات بەشدار ببن و ئیًمەیش وەکو ئاکەپە لە نێو خۆماندا پشتگیری لەوە دەکەین کە ئەوا ھاوکارانەمان کە رووبەرووی زەرەر بوونەتەوە خۆیان ئامادە بکەن و بەشداری لەم دۆزە بکەن.
بۆ نموونە یەکێک لە ھاوکارانمان بەشیر ئاتالای لەو کاتە ساتانەدا رووبەرووی ئەشکەنجە و ئاستەنگی زۆر بووەتەوە کاتێک کە مامۆستای زانکۆی قرق قەلە بوو رووبەرووی ژمارەیەک کریار و کردەوەی نایاسایی و نا ئەخلاقی بووەتەوە و بنەمای دوزی ٢٨ی شوباتیش ئەو کریارە نایاساییانەی ئەو کاتەن و بەشداری کردنی ئاتالای لەم دۆزەدا شتێکە کە پەیوەندی بە خۆدی ئاتالایەوە ھەیە.
ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری
سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری ئایا لە کاتی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا کێ خۆی بۆ ئەم پۆستە پالێوراو دەکات ئارنچ گوتی: ھەر لە ئێستەوە ناتوانین شتێک بڵین و ئەگەر ھەڵومەرج گونجاو بێت و سەرۆک وەزیر ویستی خۆی بۆ خۆ پاڵاوتن ئاشکرا بکات ئەوا ھیچ جۆرە ئاستەنگییەک لە بەردەم خۆپاڵاوتنی نییە، لە راستیدا زۆر قسە و باس لە سەر ئەم مەسەلەیە کراوە کاتێک کە کاتی ھات بۆ خۆمان دەبینین.
لە مانگی تەباخی ساڵی ٢٠١٤دا کۆتایی بە ماوەی سەرۆک کۆمار دێت و پێویستە دوو مانگ بەر لە کۆتایی ھاتنی ئەم ماوەیە پاڵێوراوەکان دەستنیشان بکرن و ھەڵبژاردنیش بکرێت. بۆیە لە دوای مانگی گولانی ساڵی ٢٠١٤یەوە ئێمە دەست بە گفتووگو کردنی ئەم بابەتانە دەکەین و دوای ٧ یا ٨ مانگی دیکە ئێمە دەست بە گفتووگو کردن لە سەر ئەوەی ئایا سەرۆک کۆماری ئێستە خۆی دووبارە پاڵێوراو دەکات یانا ئایا سەرۆک وەزیر خۆی بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە ئامادە دەکات یانا دەکەین.
جێگای لە سەر سەری ئێمەیە
سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری ئایا دەتانەوێ عەبدوڵلا گول ببێتە سەرۆکی ئاکەپە؟ بولەند ئارنچ گوتی: عەبدولڵا گول وەک سەرۆک کۆماری ئێستە زۆر بە باشی و سەرکەوتوویی ئەم پۆستە بەرێوە دەبات و کاتێک کە تازە ئاکەپە دامەزرا یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی و یەکەمین سەرۆک وەزیری ئێمە بووە بۆیە ئەگەر دووبارە خۆی بۆ ئەم پۆستە نەپاڵێوێت و سەرۆک وەزیر ببێتە سەرۆک کۆمار و ئەگەر بییەوێ لەمەو بەدواوە درێژە بە ژیانی سیاسی خۆی بدات ئەوا لە سەر سەری ئێمە جێگای ھەیە و ئەمەیش بەو مانایە نییە کە لە سەدا سەد دەبێتە سەرۆکی ئاکەپە.
بۆ ئێمە ئەولەویەتی سەرەکە خزمەت کردنی ئاکەپەیە بۆیە ئەگەر مرۆڤێکی بەمجۆرە بێتەوە نێو پارتەکەمانەوە ئەوا لە پلە و پایەیەکی زۆر گونجاودا سوود لە ئەزموونەکانی وەردەگرین. عەبدوڵڵا گول مستەفا ساری گول نییە، لە سەر سەری ئێمە جێگای ھەیە.
شەڕی نەفسی
سەبارەت بە پرسیاری ئایا لە وەرزی پایزدا دەست بە خۆپیشاندان دەکرێت یا ئامادەکارییەکی بەمجۆرە ھەیە؟ ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمرۆ ھەواڵێک بڵاو کرایەوە و ئەویش ئەوە بوو کە مەیدانی تەقسیم کرایەوە، ئەمە ھەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ ھەر کەس و زۆر ئەرێنییە، چونکە دوای رووداوەکانی پارکی گەزی ئەو مەیدانە جارێکی دیکە ئارامی بە خۆیەوە بینیوە و بەشی سەرەکەی پرۆژەکەیش جێبەجێ کراوە.
ئێستە ھەندێک کەس و لایەن چاوەرٍوانی ئەوە دەکەن کە داخۆ لە پارکی گەزی چی دەکرێت یا چە جۆرە پرۆژەیەک جێبەجێ دەکرێت. سەبارەت بە پارکی گەزیش بەڵێنێکی سەرۆک وەزیر ھەیە و دادگا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە سەر پرۆژەکانی پارکی گەزییە کە کۆتایی بە پرۆسەی یاسایی ھات ئەوا لە دانیشتوانی ئەستنبۆڵ پرسیار دەکرێت کە لە پارکی گەزی چی بکرێت.
ئارنچ لە درێژەی وتەکانیدا باسی رووداوەکانی حەفتەی رابردووی زانکوی تکنیکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیشی کرد و گوتی: ئەم جۆرە رووداوانە بەشێکن لە چالاکییە نایاسییەکان و رووداوەکانی پارکی گەزی و مەیدانی تەقسیمیش ھەر بەمجۆرە بوون.
سوریا
سەبارەت بە بارودۆخی سوریایش جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە بە ھۆی شەڕی سوریاوە بە سەد ھەزاران کەس کوژراون و بە سەد ھەزاران کەسی دیکە بریندار و چەندەھا کەسیش ئاوارە بوونە و جیھان تا ئێستە ھیچ شتێکی نەکردووە و دوای بەکار ھێنانی چەکی کیمیاوی تازە سەرقاڵی ئامادەکاری بۆ نەواندنی ھەڵوێست کردووە و تورکیا کە ھەر لە سەرەتای شەڕەوە تا ئەمرۆ ھەوڵی بۆ راوەستاندنی شەڕ داوە مافی ئەوەی ھەیە کە لێیان بپرسێت کە تا ئێستە لە کوێ بووین؟
پرۆژەی جەم و مزگەوت
سەبارەت بە گفتووگوکانی پرۆژەی پێکەوە بوونی مەزگەوت و جەمخانەکانیش ئارنچ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێمە خاوەن دەوڵەتێکی لائیکین و دەستوەردانی لە رێبازی عیبادات، باوەری و ئاینی ھیچ کەس ناکەین بەڵام جەم خانە وەکو ماڵێکی عیبادەت و نیایش و وەکو ماڵێکی ئەرکان لە لایەن دەوڵەتەوە قەبووڵ کراوە و من لە ھاووڵاتییەکی عەلەوی بیستبووم کە مسڵمانەکان لە مزگەوت نوێژ دەکەن چونکە مزگەوت شوێنی نوێژ کردنی ئەوانە و ئێمەی عەلەویش نیاز دەکەین ( عیبادەت و نیایش) و جەمخانەیش شوێنی نیاز کردنی ئێمەیە.
بۆیە ئەگەر مزگەوت و جەمخانەکان پێکەوە دروست دەکرن ئەمە بەو ماناییە نییە کە عەلەوییەکانیش دەعوەی سەر دینی دەوڵەت کراون، خاوەنی مزگەوت دیارە و خاوەنی جەمخانەکانیش دیارە، نازانم بۆ چی بە لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی ئایدئولوژیکیدا سەیری ئەم جۆرە پرۆژانە دەکەن.
news_share_descriptionsubscription_contact



