مانیسا
بولەند ئارنچ لە میانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمێكی بەربانگ لە مانیسا گوتی: "مانگی رەمەزان مانگی خێر و خۆشییە و مانگی رەمەزان و شەوی قەدری لە ئامادەبووان پیرۆز بێ".
ئارنچ گوتی: "هەڵبژاردنی 7ی حوزەیران تێپەڕ بوو و لە مانیسا توانراوە چوار پەرلەمانتار رەوانەی پەرلەمان بكرێن بەڵام ئەوەی راستی بێت ئێمە دەمانەویست لە مانیسا ئاكپارتی پێنج پەرلەمانتاری هەبێت و زۆر هیوای ئەوەمان خواست كە پێنجەمین كاندیدی ئاكپارتیش بچێتە پەرلەمانەوە بەڵام سەری نەگرت و ئاواتە خوازم كە یەكەم هەڵبژاردن كە ئەنجام دەدرێت ببێتە مایەی خێر و سەركەوتنێكی باش".
ئارنچ لە وەڵامی ئەو كەسانەدا كە دەڵێن بۆ حكوومەت پێك ناهێنرێت گوتی: "لەم كاتە ساتانەدا چەند لایەنێك هەوڵ بۆ تۆمەتبار كردنی ئێمە بۆ پێك نەهێنانی حكوومەت دەدەن، ئەمانە هیچ شارەزایی دەستووری بنەڕەتی نین یا ئەگەریش شارەزای دەستوورن ئەوا نایانەوێت بە بیری خۆیان بهێننەوە. بە گوێرەی دەستووری بنەڕەتی هەر چەند كۆتایی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن هاتبێت بەڵام تا ئەو كاتە بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئاشكرا نەكرێت حكوومەت پێك ناهێنرێت و تا ئەو كاتەی دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەمان دانەمەزرێت دەست بە هەوڵدان بۆ پێكهێنانی حكوومەت ناكرێت و ئەم پڕۆسەیە تازە كۆتایی پێهاتووە. هۆكاری ئەم دوا كەوتنە شتێك نییە كە لە ئاكپارتی پرسیار بكرێت، سەركۆمار بە پشت بەستن بەمادەی 116ی دەستوور جەختی لەوە كردبوویەوە كە دوای هەڵبژاردنی دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەمان كەسێك بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەسپێرێت و لەو چوارچێوەیەدا رۆژی پێنج شەممەی رابردوو سەرۆكوەزیران و سەرۆكی گشتی ئاكپارتی ئەحمەد داودئۆغڵو لە لایەن سەركۆمارەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت راسپێردراوە و ئێمەش بڕوامان بەوە هەیە كە سەرۆكوەزیران لەو بارەوە سەركەوتوو دەبێت، پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەت دەستی پێكردووە و ئەگەر بێتۆ لە ماوەی 45 رۆژدا حكوومەت پێك نەهێنرێت ئەوا دەست بە هەڵبژاردن دەكرێتەوە بەڵام هەنووکە هەڵومەرجی توركیا وا دەخوازێت كە حكوومەتێك پێك بهێنرێت و دینامۆی ( لایەن یا هێزی سەرەكی ) ئەو حكوومەتە ئاكپارتی دەبێت".