ئەنتاڵیا
سەرۆكی فراكسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا پەروین بوڵدان لەمیانی بەشداری كردنی لە مەراسیمێكی تایبەت بە ژنانی ناو پارتەكەی كە لە شاری ئەنتاڵیا رێكخرابوو، باسی لە دۆخی ژنانی ناو پارتەکەی کرد و هاوكات پرسی هەڵبژاردنەكانیشی خستە بەر باس.
سەرەتا بوڵدان ئاماژەی بەوەدا كە لەناو كۆمەڵگەی توركیا سیستمی پیاوسالاری خۆی زاڵ كردووە بەسەر ژناندا و ئەمەش وای كردووە كە ژنان هەمیشە هیچ حسابێكیان بۆ نەكرێت، بەڵام هەدەپە هەوڵی داوە ئەو سیستمە كۆتایی پێبێنێت و ژنان و پیاوان هاوشانی یەك تەماشا بكات، هەروەك نموونەی ئەمەشی بە ژمارەی كاندیداكان هێنایەوە كە بەنیازن نیوە بە نیوە ژنان و پیاوان بنێرنە ناو پەرلەمان.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا سەرۆكی فراكسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا ئاماژەی بە هەڵبژاردنەكان داو رایگەیاند كە هەدەپە هیچ كێشەیەكی نییە لە تێپەراندنی بەنداوی هەڵبژاردن و داوای لە ئەندامانی پارتەكەشی كرد كە زیاتر كار بكەن تاكو دەنگدەرانی ئاك پارتی و جەهەپە و مەهەپە و بەتایبەت ئەوانەی هێشتا بڕیاریان نەداوە، بهێننە ناو ریزەكانیانەوە دەنگ بدەن بە هەدەپە.
بوڵدان ئاماژەی بەوەدا كە شەوی هەڵبژاردن، پێكەوە سەما و هەڵپەركێی چۆپی دەگرن.
لەبەشێكی دیكەی گووتەكانیدا بوڵدان باسی لە قۆناغی چارەسەریی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی قۆناغەكەوە چیتر دایكان ناگرین و براكان یەكتری ناكوژن، بەو هۆیەوە داوای لە ئافرەتان كرد كە گرنگی زیاتر بە قۆناغی چارەسەری بدەن.
لەو نێوەندەدا و لەكاتی ڕێپێوانی ئافرەتانی هەدەپەدا، هاووڵاتیەك لەبالكۆنی ماڵەكەی خۆیانەوە، ئاڵایەكی گەورەی توركیای بەرز كردبوویەوە.