Ramal Mahmood
10 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2017
سەرۆکی گشتیی پارتی یەکێتیی مەزن (بەبەپە) مستەفا دەستیجی لە بارەگای گشتیی پارتەکەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز دا و ئاماژەی بەوە دا کە لە گشتپرسی ١٦ی نیساندا بە "بەڵێ" دەنگ بە گەڵاڵەنامەی گۆڕانکارییەکانی دەستوری تورکیا دەدەن، رایگەیاند "بۆ پاراستنی یەکێتی دەوڵەت و ناسنامەی تورک و تورکیا، پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، مافە بنەڕەتییەکان و ئازادی بیر و باوەڕ، نەهێشتنی یاسای کودەتا کە لەم گەڵاڵەنامەیەدا گرنگی زۆریان پێدراوە، بە 'بەڵێ' دەنگی پێ دەدەین".
دەستیجی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەوان وەک پارتێک نایانەوێت لە دەرەوەی ئەم پرۆسەیە بمێننەوە و لەم بڕیارەیشیاندا بیریان لە داهاتووی پارتەکەیان نەکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا کە گەڵاڵەنامەکە لە لایەن دوو پارتی راستەوە ئامادە کراوە و لە پەرلەمان پەسەند کراوە، گوتیشی: "دەکرا ئەم گەڵاڵەنامەیە بەشێوەیەکی باشتر ئامادە کرابووایە، ئەگەر ئێمە ئامادەمان کردبووایە، بە باشترین شێوە ئامادەمان دەکرد. بەبەپە و ئەندامە پرەنسیپخوازەکانی بێ ئەوەی بیر لە ئامانجی سیاسیی بکەنەوە لەپێناو بەرژەوەندی و داهاتوو و سەربەخۆیی وڵات و نەتەوە لە ریزی گەل و دەوڵەت رادەوەستن، لەبەر ئەمە بڕیارمان داوە بە بەڵێ دەنگ بە گشتپرسییەکە بدەین".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە رێز لەو کەسانە دەگرن کە بە بەڵێ یاخود بە نەخێر دەنگ بە گشتپرسییەکە دەدەن، گوتی: "لەناو ئێمەدا هاوڕێمان هەن کە جیاواز لە ئێمە بیر دەکەنەوە رێز لە بیروبۆچوونیان دەگرین. هەڵبەت ئێمە هاوڕێیەکمان لە پارت دەرناکەین ئەوە چییە بە نەخێر دەنگ بە گشتپرسی دەدات. ئەوان لەوە ئازادن بە بەڵێ یان نەخێر دەنگ بدەن. بەڵام دەبێت دوای ئەو بڕیارە ئەندامانمان لە خاڵە هەستیارەکان بە وردی سەرنج بدەنە سەر ئەوەی بڕیاری پارتەکەمان چییە".
لەبارە بڕیاری پارتەکەیشیانەوە دەستیجی گوتی: "ئەم بڕیارەمان لەبەر تێڕوانینی سەرکۆمار و کەسانی دیکەوە نەداوە، لە ئاکامی بیرکردنەوە و راوێژ و راگۆڕینەوە لەنێو خۆماندا گەیشینە ئەم بڕیارە. بێ ئەوەی لەژێر کاریگەری و گوشاری هیچ کەس و لایەنێکدا بین".