Sabri Yıldırım
16 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2024
مووش - AA
کاری سەختی کۆچەرییەکان کە لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوا ئاژەڵەکانیان بردووەتە کوێستانەکان بەردەوامە.
لە ناحیەی کرکۆی، ژنان کە لە دەستپێکی وەرزی بەهاردا لەگەڵ خێزانەکانیان ڕوویان لە کوێستانەکان کردووە، لەلایەک سەرقاڵی نان دروست کردنن و کاری ڕۆژانە ئەنجام دەدەن، لە لایەکی دیکەوە لەو شیرەی لە ئاژەڵەکانی دەدۆشن پەنیر و ڕۆن و ماست بەرهەمدەهێنن.
سەرەڕای سەختی کار و گوزەرانیان، ژنان بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان فەرامۆش نەکردووە و لە پاڵ کارەکانی ڕۆژانەیاندا سەرقاڵی بڕینەوەی ئاژەڵەکانن.
ئیرەم ئۆنەر تەمەن ٤٠ ساڵان کە دایکی چوار منداڵە، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە هەموو وەرزی هاوینێک ڕوو لە کوێستانەکان دەکەن.
ئۆنەر ئاماژەی بەوە کرد کە لە کوێستانەکان بەیانیان زوو دەست بە کار دەکەن تا تاریک بوونی ئاسمان بەردەوامن و گوتی: "ڕوو لە کوێستانەکان دەکەین بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان لە ژینگەیەکی سروشتییدا بەخێوبکەین. لێرە کارەبا و تۆڕی ئاو نییە. بە دار چێشت لێدەنێین. بە شان ئاو دەگوازینەوە، ئاژەڵەکان دەدۆشین. جلوبەرگی خێزان دەشۆین. لەلایەک منداڵ بەخێو دەکەین و نان بۆ شوانەکان ئامادە دەکەین. ڕۆژانە دووجار ئاژەڵەکان دەدۆشین. ژیان لە کوێستانەکان سەختە بەڵام ناچارین".
ئایتەن دینچەر، باسی لەوە کرد کە بەو شیرەی لە ئاژەڵەکان دەستیان دەکەوێت پەنیر و ڕۆن بەرهەمدەهێنن و گوتی: "بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستم. کارەکانی ماڵ ئەنجام دەدەم و نانی بەیانی بۆ منداڵەکان ئامادە دەکەم. ڕۆژانە دووجار ئاژەڵەکان دەدۆشین. ئاژەڵداری سەختە، بەڵام لەپێناو دابینکردنی بژێویماندا ناچارین بیکەین".
نایمە کایا، باسی لەوە کرد کە سێ مانگ لە کوێستانەکان دەمێننەوە و گوتی: "دوای ئەوەی مەڕەکانمان دۆشی، بۆ دوو کاتژمێر شیرەکە دەهێڵینەوە. پاشان پەنیری لێدروست دەکەین. بەگشتیی پەنیرەکانمان لەسەر خواست ڕەوانەی کڕیارانمان دەکەین".