ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەشیر ئاتاڵای، رایگەیاند: بەو پەڕی جدییەتەوە بەردەوام دەبن لە چارەسەری کێشە و گرفتی کۆمەڵگە، حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی ٧٦ ملیۆن کەس لە تورکیا بەردەوامە.
ئاتاڵای گوتی: "ئەو قۆناغەی ئێستا کە تێیداین، قۆناغی چارەسەری، قۆناغێکی سادە و ئاسان نییە، بە ھیچ شێوەیەک سازشمان نەکردووە لە سەری. لەو قۆناغەدا ھەست بەوە کرا کە توندوتیژیی چارەسەر نییە، قۆناغ قۆناغی وەلانانی توندوتیژیی و بایەخدانە بە گفتوگۆو سیاسەت و بیروڕا."
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا کاتێ لە پەرلەمان لە سەر بودجەی چەند رێکخراوێک گفتوگۆ دەکرا، گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "ئێمە وەکو سەرۆکایەتی تورکیا بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان بەھێز بێ، دەستمان بە گۆڕانکاریی و نوێکردنەوە کرد بۆ بەختەوەریی و خۆشبەختی خەڵکی تورکیا ھەروا بەردەوام دەبین."
بەشیر ئاتاڵای رایگەیاند: پلانیان ئەوەیە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ رێژەی گەورەبوونی تورکیا لە ٥.٥ % زیاتر بێ، بەو رێژەوە داھاتی نەتەوەیی ساڵانە لە ساڵی ٢٠١٨ دەبێتە ١.٣ تریلیۆن دۆلار، داھاتی تاک لە کۆتایی پێنج ساڵی دواییدا بۆ ١٦ ملیار دۆلار بەرز دەکرێتەوە. لە بەرنامەیاندایە لە نێو پێنج ساڵدا چوار ملیۆن کەس دابمەزرێنن. بەو جۆرە رێژەی بێکاریی لە ساڵی ٢٠١٨دا بۆ ٧.٢% کەم دەبێتەوە.
ئاتاڵای گوتی: "مەرجی بوون بە دەوڵەتی گەورە، ئەوەیە کار و پرۆژەی گەورە ئەنجام بدەی، ئێمە چەندە لە بواری ئابوورییدا تورکیا گەورە دەکەین، ھەر ئەوەندە لە رووی سیاسەتی دەرەوەیش بەھێز دەبین. ١١ساڵە دەستمان بە بەھێزکردنی ئیرادەی نەتەوەیی کردووە و کۆتاییمان بە ھەر جۆرە جیاوازییەک ھێناوە، لە دژی رێکخراو و دامودەزگا نایاساییەکان شەڕمانکردووە، بەو جۆرە توانیمان بگەینە ئەو ئاستەی ئەمڕۆی تورکیا، ئێمە بە جۆش و جەسارەتەوە لە سەر ئەو رێگایە بەردەوام دەبین. بۆ دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی ھەر کەس بەبێ جیاوازی رەنگ، رەگەز، نەژاد، ئاین و بیروڕا دابین کراون و بەردەوام دەبین."
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا جەختیکردەوە بۆ دابینکردنی بەختەوەریی بۆ ٧٦ ملیۆن کەس لە تورکیا. ھەوڵی زۆر دەدەن بۆ چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانی تورکیا.ئاتاڵای گوتی: "قۆناغی چارەسەری، قۆناغێکی وا سادە و ئاسان نییە، قۆناغی سەرکەوتن و شکستخواردن نییە، قۆناغێک نییە کە لە سەری سازشمان کردبێ، قۆناغی ھەستکردن بە چارەسەرنەبوونی توندوتیژییە."
بەشیر ئاتاڵای لە درێژەی گوتەکانی خۆیدا باسی دەستووری نوێ تورکیای کرد و گوتی: "ئاکپارتی لەو رۆژەی دامەزراوە تا ئەمڕۆ ھەمیشە ھەوڵی بۆ ئامادە کردنی دەستوورێکی نوێ مەدەنی بۆ تورکیا داوە کە بتوانێ باوەشی خۆی بۆ ھەر کەس بکاتەوە. ئاکپارتی دەیەوێ دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا ئامادە بکرێ کە دەستوورێکی قەدەغەکار نەبێ بەڵکو دەستوورێکی ئازادیخواز و فرەبازنەیی بێ، تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێ مەدەنی ھەیە، بۆیە دەبێ پرۆسەی ئامادە کردنی دەستووری نوێ مەدەنی بەردەوامبێ تا بتوانرێ دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا ئامادە بکرێ."