ئورفا
توركیا كە باوەشی بۆ زیاتر لە 200 هەزار دانیشتووی كۆبانێ كردەوە كە بە هۆی شەڕی نێوخۆییەوە ئاوارە ببوون ئەمجارەیش بە گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ لێقەماوان لەو دیوی سنوور بووەتە هیوای ژیان.
دوای شەڕ و پێكدادانێكی توند لە نێوان تیرۆریستانی داعش و هێزەكانی كوردی بۆ ماوەی زیاتر لە چوار مانگ لە كۆبانێ، ئەو شارە بووەتە وەكو وێرانە و بە هۆی داڕمانی ژێرخانییەوە كۆبانێ لە بارودۆخێكی خراپدایە و هەر توركیا كە باوەشی بۆ ئاوارەكان كردبوویەوە ئەمجارەیش گەیشتە فریای كۆبانێ.
لەو بارەوە قایمقامی ناوچەی سوروچ عەبدوڵڵا چفتچی بە ئانادۆڵو گوتی: "توركیا كە بە باشترین شێواز پێشوازی لە ئاوارەكان كردووە ئەمجارەیش بەردەوامە لە گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئەو دیوی سنوور".
چفتچی گوتی: "لە سەردەمی شەڕدا توركیا تاقە رێگای ژیانی كۆبانێ بوو و ئەگەر ئەمڕۆ كۆبانێ دەتوانێت خۆی راگرێت ئەوا لە سایەی هەبوونی توركیایە".
قایمقامی ناوچەی سوروچ گوتیشی: زیاتر لە دوو ساڵە دەروازەكانی سنوور بە مەبەستی گەیاندنی هاوكاری مرۆیی و گواستنەوەی بریندارەكان بەكار دەهێنرن و هەر جۆرە پێداویستییەكی مرۆیی كۆبانێ بەمجۆرە لە رێگای ئەو دەروازانەوە دابین دەكرێت".
چفتچی گوتی: "بەردەوامین لەسەر گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئەو دیوی سنوور، پێش دەستپێكردنی شەڕ 815 بارهەڵگر هاوكاری مرۆییمان روانە كردووە و لە سەردەمی شەڕیشدا لە لایەكەوە هاوكاری مرۆییمان روانە كردووە و لە لایەكی دیكەیشەوە بریندارەكانمان بۆ چارەسەر كردن گواستووتەوە توركیا و لە كاتی پێویستدا بووینە پردێكی باش بۆ رۆیشتنی هێزی پێشمەرگە و سوپای ئازادی سووریا بۆ كۆبانێ و دوای شەڕیش بەردەوام بووین لەسەر گەیاندنی هاوكاری مرۆیی و گواستنەوەی نەخۆش و بریندارەكان بۆ توركیا بە مەبەستی چارەسەر كردنیان.
چفتچی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "تا ئەمڕۆ هەزار و 602 بارهەڵگر هاوكاری مرۆیی روانەی كۆبانێ كراوە و هاوكاری و كارئاسانیش بۆ ئەو كەسانە كراوە كە ویستوویانە بگەڕێنەوە بۆ كۆبانێ و لەو چوارچێوەیەیشدا بەردەوام دەبین".
عەلی جبار كە هاووڵاتییەكی سووریایە بەهۆی ئەو هاوكارییانەوە سوپاسی توركیای كرد و گوتی: "بە تایبەتی لە سەردەمی شەڕدا زۆرترین هاوكاریمان لە توركیاوە پێگەیشتووە".