ئەنقەرە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، تانژو بیلگیچ رایگەیاند "توركیا لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەیەوێت پەیوەندییەكانی خۆی لە بواری وزە و بوارەكانی دیكە لەگەڵ كوردستان پێشبخات".
بیلگیچ لە كۆبوونەوەی ھەفتانەی وەزارەت ھەڵسەنگاندنی بۆ رۆژڤـ كرد.
بیلگیچ لەبارەی پرسیارێک سەبارەت بە رێككەوتنی نەوتی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند كە ئەم بابەتە پرسێكی نێوخۆی عێراقە.
بیلگیچ گوتیشی: "نەوتی ھێڵی كەركووك-جەیھان بەلای ئێمەوە نەوتی عێراقە. ھیچ گومانێكیش لەمەدا نییە، ئەمەیش لە چوارچێوەی ھێڵی ھەردوو حكوومەتی عێراق-توركیا بەرێوە دەبردرێت. ھاوكات توركیا دەیەوێت لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق پەیوەندییەكانی لە بواری وزە و بوارەكانی دیكە لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێشبخات".
لە بارەی دەنگۆی ئەوەی كە چەند دیپلۆماتێكی توركیا لە باشووری رۆھەڵاتی ئاسیا پاسەپۆرتیان بۆ توركەكانی ئویگور دابینكردووە و رەوانەی ریزەكانی داعش لە سووریا كردوون. بیلگیچ رایگەیاند كە توركیا رێكخراوی داعش وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی دەناسێت و رووبەڕووی دەبێتەوە و گوتی: "من بەشێوەیەكی گاڵتەجاری سەیری ئەم دەنگۆیە دەكەم، ئەم ھەواڵانە راست نین".
لەبارەی شەڕخوازانی بیانی بیلگیچ رایگەیاند كە ئەوان لەگەڵ ھۆڵەندا گرووپێكی پەیوەندیداری ھاوبەش بەم بابەتە پێكهێناوە و رایگەیاند كە توركیا ئامادەیە ھەماھەنگی لەگەڵ پۆلیسی سەرجەم وڵاتانی جیهان بكات.
بیلگیچ جەختیشی لەوە كردەوە كە تا ئێستا ھاتنەژوورەوەی ١٥ ھەزار كەس بۆ نێو توركیا قەدەغە كراوە ھەروەھا زیاتر لە ھەزار و ٥٠٠ كەسیش رەوانەی وڵاتەكەیان كراونەتەوە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئەمریكا بۆ ھێرشكردنە سەر داعش داوای لە توركیا كردووە كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی بنكەی سەربازی ئینجیرلیك بەكار بھێنێت، بیلگیچ گوتی: "لەگەڵ ئەمریكا لەم بارەیەوە كۆبوونەوەكانمان بەردەوامە بەڵام تا ئێستا ھیچ رێككەوتنێك واژۆ نەكراوە".