Dildar Baykan Atalay
16 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2023
ئەنقەرە – AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرکۆنەی ئەوەی کرد، گرووپێک کە لە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەوە نزیکن لە میانی دانیشتنی گشتیی پەرلەمانی ئەورووپادا، پڕوپاگەندەیان کردووە و رێگە لەو کارەیان نەگیراوە.
وەزارەتی دەرەوە لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لە میانی دانیشتنی گشتیی پەرلەمانی ئەورووپادا، گرووپێکی نزیک لە پەکەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و رێگەیان لە چالاکییەکانی دەسەڵاتی یاسادانان گرتووە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە چوونی کەسانی نزیک لە پەکەکە بۆ ناو پەرلەمانی ئەورووپا بەو شێوە ئاسانە و ئەنجامدانی خۆپیشاندان بەو شێوەیەی دەیانەوێت قبوڵکراو نییە، نووسیوویەتی: "هەروەها رێگەنەگرتن لەو کەسانە جێی سەرسووڕمانە. بەتوندی سەرکۆنەی ئەم کارە دەکەین و ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە یەکێتیی ئەورووپا بە تایبەت پەرلەمانی ئەورووپا جیددی نییە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا".
لە راگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە تاکوو پەرلەمانی ئەورووپا و دامەزراوەکانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا بەم جۆرە بێباک بن، وێڕای ئەوەی پەکەکە ناوی خراوەتە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەورووپاوە، بەڵام ناتواندرێت کۆتایی بە چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە بهێندرێت لەناو یەکێتیی ئەورووپادا و هاتووە: "چوونی ئەو کەسانە بۆ ناو پەرلەمان لاوازییەکە و پێویستە لەوە بکۆڵدرێتەوە کە ئەوانە کێ بوون رێگەیان بە چوونی ئەو کەسانە داوە".
وەزارەتی دەرەوە بە جەختکردنەوە لەوەی کە دوای کارێکی ئیستیفزازییانەی هاوشێوە لە نووسینگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەورووپا بە تێکڕای دەنگ لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ بڕیار درا چوونی ئەو کەس و گرووپانەی پەیوەندییان بەو رێکخراوانەوە هەیە کە خراونەتە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەورووپا بۆ باڵەخانەی پەرلەمانی ئەورووپا قەدەغە بکرێت، نووسیوویەتی: "چاوەڕوانیمان لە یەکێتیی ئەورووپا ئەوەیە ئەم بڕیارە وەک خۆی جێبەجێ بکات".