مەرسین
لە چوارچێوەی پرۆژەیەک بەناوی: "گیان بە قوربانی برایەتی بێ" کە لە لایەن ناوەندی دیالۆگی نێوان کلتوورەکان لە مەرسین سازکراوە، سەرۆکی روحانی کەنیسەی کاتۆلیکی ئیتالیای لاتین و سەرۆکی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکس دەستیان بە دابەش کردنی خواردنی عاشوورا کرد.
پیاوانی ئاینی مەسیحی لە بەردەم کەشتی نوح لە ناوەندێکی بازرگانی بە بۆنەی مانگی موحەڕەمەوە دەستیان بە دابەشکردنی خواردنی عاشوورا بەسەر خەڵکدا کرد. پێش دابەشکردنی خواردنەکە، سەرۆکی روحانی کەنیسەی کاتۆلیک جۆشکون تەیمور گوتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: لە مانگی موحەڕەمدا خوای گەورە ھەر جۆرە توندوتیژی و دۆژمەنایەتییەکی قەدەغە کردووە و مانگی محەرەم مانگێکی پیرۆزە کە تێیادا کارەساتی کەربەلا روویداوە. بۆیە بەشداریکردنمان لە رێوەڕەسمی برا موسڵمان و عەلەوییەکاندا بۆ ئێمە جێگای شانازییە.
ھەروەھا گوتی: "ئێمە وەک مەسیحییەکانی شاری مەرسین ساڵانە لەگەڵ برا موسڵمانەکانمان لە نێَو تەبایی و ئارامیدا دەژین و شاری مەرسین نموونەی باشی پێکەوە ژیانی پێکھاتە ئاینی و ئەتنیکییەکانە و ساڵانێکی درێژە پێکھاتە جیاجیاکان لە شاری مەرسین لە نێو رێز و خوشەویستییەکی دوولایەنە و ئارامیی و تەباییدا پێکەوە دەژین و ئێمە وەکو مەسیحییەکانی مەرسین داواکارین ئەو بارودۆخە بەو جۆرە بەردەوام بێ و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەین ھاوکاری و پشتگیری خۆمان بە ھەموو شێوەیەک پێشکەش بکەین."