پێنجەمین دادگەی سزای قورسی دیاربەكر داوای ئازادكردنی پەرلەمانتارانی دەستگیركراوی دۆسیەی كەجەكەی رەت كردەوە.
پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پارێزگای وان كەمال ئاكتاش، پەرلەمانتاری بەدەپە لە پارێزگای شەڕنەخ سەلما ئیرماك لە چوارچێوەی دۆسیەی كەجەكە دیاربەكر و پەرلەمانتاری بەدەپە لە پارێزگای شەڕنەخ فەیسەڵ سارییڵدزیش لە دۆسیەی كەجەكە شەڕنەخ دەستگیر كراون.
دوای ئازادكردنی پەرلەمانتاری جەھەپە موستەفا باڵبای لەلایەن 13یەمین دادگەی سزای قورسی ئیستانبوڵ، پارێزەرانی پەرلەمانتارانی ئیرماك، ئاكتاش و سارییڵدزیش داوای ئازادكردنیان كرد.
دادگاكە بە پاساوی ئەوەی دۆسیەی باڵبای جیاوازە لە دۆسیەی گیراوانی دۆسیەی کەجەکە، بە كۆی دەنگ داوای ئازادكردنی بەندكراوان ئاكتاش، ئرماك و سارییڵدزی رەت كردەوە.
جێگری سەرۆكی بەدەپە مەراڵ دانیش بەشتاش سەبارەت بە بریاری رەتكردنەوەی دادگە بۆ ئازادكردنی پەرلەمانتاران گوتی "سكاڵانامەیەك لەسەر ئەوانەی ئەو بریارەیان لە دادگە ئیمزا كردوە ،بۆ دەستەی باڵای دادوەر و داواكاران بەرز دەکەینەوە."
بەكتاش لەگەڵ پەرلەمانتاری بەدەپە نورسەل ئایدۆغان و ژمارەیەك لە ئەندامانی پارتەكەیان لەبەردەم گرتوخانەی تیپی E كۆ بوونەوە و روونكردنەوەیەكیان بڵاو كردەوە، تێیدا رایانگەیاند بەم بریارە سەلمانیان نادادپەروەرن، لە سایەی ھەمان یاسا و دەستووردا ھەمان بڕیار بۆ كورد نادەن.
بەشتاش گوتیشی "درێژە بە زیندانیكردنی پەرلەمانتاران كە بە دەنگی خەڵك ھەڵبژێردراون دەدرێ. ئەم بریارە پیشانی دەدا كە دادپەروەری لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵی (جەماعەتی فەتحوڵا گولەن)دا تێك دراوە. بەم بریارە تاوانێك ئەنجام دەدرێ. ئەندامانی دادگە تاوانبارن. سكاڵانامەیەك لەسەر ئەوانەی ئەو بریارەیان ئیمزا كردوە بۆ دەستەی باڵای دادوەر و داواكاران بەرز دەکەینەوە."
بەشتاش ھەروەھا گوتی "پەرلەمانتارانمان لەسەر كودەتا، چەك ھەڵگرتن، پیاو كوژی یان لە چەتەیی دادگەیی ناكرێن، دادوەری با شەڕە ناوخۆییەكەی خۆی لە سەر كوردان نەكا. ئێمە لایەنگری ئەم شەڕە ناوخۆییانە نین."