ئەنقەرە
لەکاتی گەڕانەوەی لە ئۆکرانیا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد دادوئۆغڵو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەدا کە بانگەشە دەکرێ حکوومەتی عێراق بە مەرجی رادەستکردنەوەی تارق ھاشیمی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق رێگای بە تەنەر یڵدز وەزیری وزەی تورکیا داوە بەشداری کۆنفڕانسی وزە لە ھەولێر بکا؟ داودئۆغڵو گوتی: "پێویستە بایەخ بەو جۆرە ھەواڵە دروستکراوانە نەدرێ. نە لە کاتی سەردانی من نە لەسەردانی وەزیری وزە بۆ عێراق وەکو مەرجێکی پێشوەخت یان بەھەر شێوەیەکی دیکە ئەو داوایەمان لێنەکراوە."
لەدرێژەی وەڵامی ئەو پرسیارە داودئۆغڵو پێیوایە، ھەندێ لایەن بە پەیوەندی تورکیا لەگەڵ بەغدا و ھەرێمی کوردستان دڵگرانن، ھەندێک کەس دەخوازن بەرژەوەندیەکانیان لەسەر دروستبوونی قەیران دابین بکەن.
داودئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا پەرە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستانی عێراق دەدات، ھەموو کاتێک جەخت لەوە دەکەینەوە کە یەکێتی خاکی عێراق و یەکێتی سیاسی ئەو وڵاتە بۆ ئێمە گرنگە و گوتی: "با کەس پێشبینی دروستبوونی قەیران نەکا. بەغدا، ئەنقەرە و ھەولێر ھەموو کاتێک ژیرانە ھەڵسوکەوت دەکەن. ئێمە باس لە وڵاتێک دەکەین کە پێداویستی وزەی تورکیا دابین دەکات."
دەربارەی بەشدالریکرن لە کۆبوونەوەی رێکخراوی ھاوکاری ئابووری دەریای رەش کە لە پایتەختی ئەرمینیا ئێریڤان بەڕێوەدەچێ، داودئۆغڵو گووتی: "بەمەبەستی بەشداریکردنی ئەو کۆبوونەوەیە رۆژی ١٢ ئەو مانگە سەردانی یەریڤان دەکەم و رۆژی ١٣ مانگ لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی یۆنان سەردانی ئەسینا دەکەم. تورکیا دامەزرێنەر و خاوەن بیرۆکەی دامەزراندنی رێکخراوی ھاوکاری ئابووری دەریای رەشە."
دەربارەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لە ئەرمەنستان گووتی: "ئەگەر بارودۆخێکی نا ئاسایی نەیێتە پێشەوە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە دەکەم و لەلایەن ناڵبانتیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا داوەتکراوم. دوای راوێژکردنم لەگەڵ سەرۆک وەزیر بڕیاری بەشدارکردنم دا."