Rewa Mahmut Hasan,Leyla Hemid
20 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2016
ئەنقەرە- AA
دوای کۆنگرەی پارێزگای ئەنقەرە، سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لەبارەی رۆژەڤی تورکیا وکۆبوونەوەکانەوە لێدوانی بۆ رۆژنامەنوسان دا .
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی ئەو قەیرانانەی لە چواردەوری تورکیا روودەدەن، وڵات رووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی تیرۆر بووەتەوە. راشیگەیاند:" ئەمە دۆخێک نییە، کە تەنیا ئێمەی گرتبێتەوە، دۆخێکە دوای هێرشەکانی سەر پاریسی فەرەنسا و چەند وڵاتێکی ئەوروپیش رووبەڕووی بووینەتەوە، بەڵام هەڵبەت تورکیا تایبەتمەندیی خۆی هەیە، راستەخۆ بە ناوچەکەوە بەستراوەتەوە و ناوچەیەکی هەستیارە و جموجۆڵی مرۆیی تێدایە".
داودئۆغڵو لەبارەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانەوە گوتی:" لەم ماوەی دواییدا چەندین کۆبوونەوە لەبارەی ئاسایش ئەنجامدراون و لە کۆبوونەوەکان چەندین مەرج گۆرانکارییان بەسەردا هاتووە. بەمەبەستی سەقامگیری و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەسەرانسەری تورکیا چەندین گۆرانکاریی گرنگ کراون. هەروەها لەپێناو سەقامگیریی ناوچەکە، بەردەوامین لە هەڵسەنگاندنی ئەو رێکارانەی لەسەرانسەری تورکیا پێویستن".
سەرۆکوەزیران هەروەها ئاشکرای کرد لە ئیستانبوڵ و دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەنقەرە لەگەڵ سەرجەم بەرپرسانی ئەمنیدا بۆ ماوەی پێنج سەعات کۆبوونەوە. دواتر لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرەشدا بۆماوەی پێنج سەعاتی تر کۆبوونەوەیەکی ئەنجام داوە .
داودئۆغڵو روونی کردەوە لەمەودوا لە هەر شارێکدا بەهەماهەنگی لەگەڵ پارێزگار، لەبارەی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی دەگۆڕێت، باس لە ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەر بە رووداوەکان دەکەن و میکانیزمێک جێبەجێ دەکەن و هەموو هەفتەیەک کۆبوونەوەی ئەمنی ئەنجام دەدەن.
سەرۆکوەزیران لەدرێژەدا گوتی هەرکاتێک لەهەر شارێک پێویستییەکی تایبەت سەری هەڵدا، سیستەمێکی ئەمنیی تازە پەیڕەو دەکەن و بەردەوام بۆ هەر رووداوێک لە ئامادەباشیدا دەبن.