Muhammet Ali Kemal,Mohammed Baqi Hussein
11 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2016
- ئەوە ئاشكرا بوو كە لەكۆی ئەو چوار كەسەی لەبەلەمێكی فایبەردا بوون، تەنها گەنجێكی تەمەن ٢٠ ساڵەی سووری دوای تێكشكانی بەلەمەكەیان لە كەناراوەكانی ئەدرەمیت، توانیویەتی بە دەستگرتن بە پارچەیەكی شكاوی بەلەمەكەوە ژیانی خۆی رزگار بكات و ئەم دیمەنانە لەلایەن تیمەكانی فەرماندەیی ئاسایشی ئاسمانی كەناراوەكانەوە وێنەی گیراوە.
- تونجای جەیلان: "ئەگەر كەمێك دوابكەوتینایە بەلەمەكە دەكەوتە بنی دەریا و كۆچبەرەكەمان بۆ رزگارنەدەكرا".
لە شارۆچكەی ئەدرەمیتی پارێزگای باڵكئەسیر، ئەو هاووڵاتییە سوورییە تەمەن ٢٠ ساڵەی کە دوای ژێرئاوكەوتنی بەلەمە فایبەرەكەیان، رزگاری بوو، بەهۆی دەستگرترن بە پارچە تێكشكاوەكانی بەلەمەكەوە توانیویەتی لە ژیاندا بمێنێتەوە.
كارمەندانی فەرماندەیی ئاسایشی ئاسمانی كەناراوەكان، وێنەی ئەو پرۆسەی گەڕان و پشكنینانەیان گرتووە كە دوێنێ دوای ژێرئاوكەوتنی بەلەمێك هاتووەتە ئاراوە. دوای ئەوەی هەواڵیان پێ دەگات بەوەی كە بەلەمێك ژێر ئاو كەوتووە، لە رێگەی هەلیكۆپتەرێك و فڕۆكەیەكەوە كارمەندەكان دەست بە پرۆسەی گەڕان و پشكنین دەكەن. كامێراكانی نێو هەلیكۆپتەرەكە و فڕۆكەكە هەموو ساتێكی گەڕانەكەیان تۆمار كرد.
لەدیمەنەكاندا تیمەكان كاتێك دەگەنە ناوچەكە ئەوە دەبینن كە بەلەمە فایبەرە ١٠ مەترییەكە بەشێكی زۆری ژێرئاوكەوتووە و تەنها پارچەیەكی یەك مەتری ماوە و بەسەر ئاوەكەوەیە. دوای ئەوەش كە ئەو پەنابەرە دەبینن دەست بۆ یارمەتی بەرز دەكاتەوە كە بەسەر ئەو پارچەیەوەیە، یەكێك لە ئەفسەرەكانی تیمی رزگاركردن بەناوی تونجای جەیلان دادەبەزێتە خوارەوە.
ئەو كامێرایەی بە كڵاوە سەربازییەكەی جەیلانەوەیە، سات بە سات بەرەنگاریی ئەو پەنابەرە بۆ مانەوە لەژیاندا بەسەر ئاوەكەوە تۆماردەكات. جەیلان دوای ئەوەی دەچێتە نێو ئاوەكەوە، چەند مەترێك بە ئاراستەی پەنابەرەكە مەلە دەكات. پاشان داوا لە پەنابەرەكە دەكات خۆی بەربداتە نێو ئاوەكەوە و دواتر دەیگرێت و بەخۆیەوە دەبەستێتەوە.
دواتر جەیلان ئاگاداری تیمەكەی دەكاتەوە كە ئامادەن بۆ ئەوەی بەرزبكرێنەوە و لەو كاتەدا بەزمانی ئینگلیزی هەواڵی تەندروستی ئەو پەنابەرەش دەپرسێت كە رزگاری كردووە.
لە لەرزینی دەست و قاچی پەنابەرەكەوە ئەوە روون دەبێتەوە كە زۆر سەرمای بووە. جەیلان بەتانیەك بەسەر گەنجەكەدا دەدات بۆ ئەوەی گەرمی بێتەوە. ئەو یەلەكەشی لەبەریدایە دادەكەنرێت. هەلیكۆپتەرەكە بۆ ئەوەی پەنابەرە رزگاركراوەكە بگەیەنێتە نەخۆشخانە بەرەو ناحییەی كوچوككویوی سەربە چاناككالە دەڕوات. لەبەر ئەوەش كە شوێنێك بۆ نیشتنەوەی هەلیكۆپتەر نییە، دیسان پەنابەرەكە لە رێگەی دابەزاندنییەوە دەگەیەنرێتە سەر زەوەی. ئەو تیمە تەندروستییانەشی كە چاوەڕێی دەكەن، لە رێگەی ئامبولانسێكەوە پەنابەرە سوورییەكە دەگوازنەوە.
ئەفسەر لە هێزەكانی فەرماندەیی ئاسایشی ئاسمانیی كەنارەكانی توركیا تونجای جەیلان كە پەلین حوسەینی سووری رزگار كرد، لەلێدوانێكیدا بۆ ئەنادۆڵو رایگەیاند، كە كاتێك گەیشتوونەتە ناوچەكە ژمارەیەكی زۆر تەرمیان بینیوە.
جەیلان رایگەیاند كاتێك پەلیەنیان بینیوە بەلەمەكە بەتەواوی ژێرئاو كەوتووە و تەنها نووكەكەی لەسەرەوە دیاربووە. ئەویش بەپێوە لەسەری وەستاوە و توانیویەتی لەژیاندا بمێنێتەوە.
جەیلان گوتی: "كاتێك چوومە نێو ئاوەكە بۆ رزگاركردنی، لەبەرئەوەی لەسەر بەلەمەكە وەستابوو، لەمن بەرزتربوو، پێمگوت كە نزیك ببێتەوە، ئەویش خۆی فڕێدا بۆلای من. خەریك بوو رەق دەبووەوە و هەوڵیدا باوەشمپێدا بكات، پێش ئەوەی بیبەستمەوە هەوڵمدا ئارامی بكەمەوە. كاتێك چووینە سەرەوە هێشتا شۆك بوو. لەنێو كابینەكەدا دانیشت. خێرا هێلەكەكەیمان داكەند و بە بەتانی پێچامانەوە. بەتایبەتی قاچەكانی، تاكێك گۆرەوی لەپێدا مابوو. زۆر دەلەرزی".
جەیلان رایگەیاند پەلەن دوای ئەوەی كەمێك وەئاگا هاتۆتەوە، دەستی بە گریان كردووە.
جەیلان گوتی: "رەنگە كەسوكاری بیركەوتبێتەوە چونكە لەئاوەكەدا ژمارەیەكی زۆر تەرم هەبوو".
لەئەنجامی ژێرئاوكەوتنی ئەو بەلەمەدا، 27 كەس گیانیان لەدەستدابوو كە 11یان منداڵ بوون.