وان
ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان و پاڵێوراوی ئەو پارتە بۆ پۆستی سەركۆماری توركیا سەلاحەدین دەمیرتاش دوای سەردانی بۆ ھەكاری، لەگەڵ شاندی یاوەری سەردانی پارێزگای وانی كرد و لە ناوچەی ئەدرەمیت لەگەڵ رێكخراوە مەدەنییەكان و ژمارەیەك لە خەڵكی ناوچەكەدا كۆ بوویەوە و ئاماژەی بەوە كرد كە دروشمەكانی "یەك زمان و یەك نەتەوە" دروشمی سەردەمی فاشیزمی ئەڵمانیا لە ساڵانی ١٩٤٠ تا ١٩٤٥ە و ئەو دروشمانەی كە لە ژێر ناوی وڵات یەكە و پارچە ناكرن كە لە توركیا دەگوترێنەوە دروشمی ھیتلەرن.
دەمیرتاش گوتی: "كۆمەڵگەی توركیا پێشتر بەشداری لە ھەڵبژاردنی گشتی و ھەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا كردووە بەڵام ئەمە جاری یەكەمە كۆمەڵگەی توركیا بەشداری لە ھەڵبژاردنی سەركۆماری دەكات و ئەمە یەكەم جارە كە خەڵك راستەوخۆ بە پێی ویست و ئیرادەی خۆی، بەشداری لە ھەڵبژاردنی باڵاترین مقامی دەوڵەت دەكات."
دەمیرتاش بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: "تا ئەمڕۆ ھیچ سیاسەتمەدارێك نەیگوتووە ئەگەر من ھەڵبژێردرێم توركیا بەرەو دواوە دەبەم و خراپەتان لەگەڵ دەكەم. خەڵك بە ھیوای پاشەرۆژێكی گەش، ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی دەنگیان داوە و ئەوانەیش كە تا ئەمڕۆ لەسەر كورسییەكاندا دانیشتوونە نەیانتوانیوە خزمەتی ئەو خەڵكە بكەن و ئەو شێوە و سیستەمەی دەوڵەت كە لە توركیادا ھەیە، سیستەم و شێوازێك نییە كە بتوانێ دیموكراسی و ئازادی پەیڕەو بكا. دوو پاڵێوراوی دیكەی سەركۆماری توركیا خاوەن ئەو ھەڵوێستن كە دەڵێن تەنیا من بە باشی دەتوانم دەوڵەتی ھەنۆكەیی بەڕێوە ببەم و ئەوەیش لە لایەن ئێمەوە جێگای قەبووڵكردن نییە. ھێشتا باسی یەك زمان و یەك نەتەوە دەكەن و بێجگە لەمە باسی ئەوە دەكەن كە بە ھیچ شێوەیەك چوارچێوەی ھێڵە سورەكان تێپەڕ ناكەن، بەڵام ئێمە و بەشێكی زۆری پێكھاتەكانی توركیا زۆر بە باشی دەزانین ئەوە چییە و مانا و واتەی چییە. سور بوون لەسەر یەك زمان و یەك نەتەوە بەرھەمی سەردەمی ھیتلەرە و ئاسەواری سەردەمی فاشیزمی ئەڵمانیا لە ساڵانی ١٩٤٠ تا ١٩٤٥ و ئەو دروشمانەش كە لە ژێر ناوی توركیا یەكە و دابەش ناكرێ دروشمی و زمانی سەردەمی ھیتلەرە. ئەوەی ئەو دروشمانەی دروست كردووە ئەردۆغان یا كەنعان ئەڤرەن نییە بەڵكو ھیتلەرە. دروستكەری ئەو دروشمە فاشیستیانە ھیتلەرە كە دەیەویست نەتەوەیەكی ئەڵمانی لەسەر بنەمای رەگەزپەرەستی و فاشیزم بونیاد بنێ. بەڵام لە ئێستادا لە توركیا كراوەتە دروشمی یەكێتی نەتەوەیی. ئەمە لە كاتێكدایە كە یەكێتی نەتەوەیی نە لەسەر بنەمای گوشار بەڵكوو لەسەر بنەمای زۆرینە دادەمەزرێ. لە نێو نەتەوەیەكدا پێكھاتە جیاجیاكانی وەكو كورد، عەڕەب، لاز، چەركەز و ئەرمەنی كۆ دەبنەوە و بەبێ ئەوەی ناسنامەی خۆیان لەدەست بدەن پێكەوە دەتوانن یەكێتییەكی دیموكراتیی نەتەوەیی بونیاد بنێن. ئەو جۆرە یەكێتییە وەكو هەنار وایە، یەك پێستی ھەیە بەڵام لە ژێر ئەو پێستەوە بە ھەزاران دەنكە ھەنار ھەیە، بەڵام ئەو شتانەی كە ئەردۆغان و ئیسحانئۆغڵو باسی لێوە دەكەن لە دژی فەرمانەكانی خوایە و لە دژی رۆحی مرۆڤایەتییە."
دەمیرتاش گوتی: "ئەوانەی لە نێوان سوننە و عەلەوییەكاندا پەرە بە دوژمنایەتی دەدەن ئەوانن، ئیمە نین. ئەوانەی بێ رێزی بە عیبادەتەكانیان دەكەن و ئازادییەكانیان بەرتەسك دەكەنەوە ئەوانن، بەڵام ئێستا لە توركیاش ئایین و ئیسلامییەت ئازاد نین چونكە لە خزمەتی دەوڵەتدان، كاتێك من گوتم با سەرۆكایەتی كاروباری ئاینی ھەڵبوەشێنرێتەوە هەموو توڕە بوون. پێیان وابوو داوای ئەوەم كردووە كە دین نەمێنێ،كاروباری ئاینی كاری دەوڵەت نییە، ئەو شتانەی ئەمڕۆ لەسەر ئێمە فەرز دەكەن ئەو شتانە نین كە خوای گەورە و پێغەمبەری خوا بۆ ئێمە فەرزیان كردووە، بەڵكوو ئەو شتانەن كە دەوڵەت فەرزی كردوونە. مامۆستایانی ئاینی لەسەر ویست و خواستی دەوڵەت تەنیا رۆژانی ھەینی بۆیان ھەیە بە پێی بەرژوەندییەكانی دەوڵەت خۆتبە بدەن، ئێمە داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئاینی دەوڵەت و جێبەجێ كردنی ئاینی راستەقینە دەكەین لە نێو كۆمەڵگەدا."
دەمیرتاش گوتی: "بیر لەوە ناكەمەوە كە بچمە كۆشكی سەركۆماریی و دەست بەسەر دەوڵەتدا بگرم، بەڵكوو ئەگەر بچمە كۆشكی سەركۆماریی لە چوارچێوەی یاسادا بەدواداچوون بۆ ھەموو پڕۆژە یاسا و بڕیارەكان دەكەم."