پەرلەمانی تورکیا
پەرلەمانتاری بەدلیس و ئەندامی دەستەی ھەڵسانگاندنی پرۆسەی چارەسەر حوسامەدین زەندەرلی ئۆغڵو گوتی "لەو راپۆرتەی ئەندامانی دەستەکە ئامادەیان کردوە ناوی کێشەکەیان نەھێناوە، ئەگەر ناوی کێشەکە نەھێنن چۆن چارەسەر دەبێ، ئەم شێوازە شێوازێکی سەربازییە، راپۆرتەکە رەنگدانەوەی رای رەسمییە، پرۆسەکە بە یەکلایەنە بەڕێوە دەچێ."
زەندەرلی ئۆغلو رەخنەی لە راپۆرتەکە گرت و گوتی "وا پیشان دەدەن، وەک ئەوەی لە ماوەی ١١ ساڵ حکومڕانیی ئاک پارتیدا ھیچ کێشەیەک نەھاتبێتە ئاراوە، باسیان لە ھیچ کەموکوڕیەکی سەردەمی خۆیان نەکردوە، لە سەردەمی ئاک پارتیدا زۆر کەموکوڕی ھەبوون."
زەندەرلی ئۆغڵو گوتیشی "شێوازی راپۆرتەکە میلیتارییە، رەنگدانەوەی رای رەسمییە. ئەمە ھیچ باش نییە. ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر ببێ لەگەڵ ئۆجاڵان چارەسەر دەبێ، بەبێ ئەو چارەسەر نابێ، چونکە پرۆسەکە دوای بەیاننامەکەی ئۆجالان لە ٢١ی ئادار دەستی پێکرد."
ھەروەھا گوتی "ئەگەر دەمانەوێ ئەم کێشەیە چارەسەر ببێ و ئەم خوێن و فرمێسکانە بوەستن، دەبێ باس لە چارەسەر بکەین. رەگەزنامە، زمان، کەلتوور.. باسی ھیچ یەکێک لەمانە نەکراوە، دەیانگوت نکۆڵیکردن نامێنێ، ئەگەر ناوی کێشەکە نەبەن چۆن چارەسەر دەبێ. ئێمە تورکیایەکی گەورەمان دەوێ، بەبێ چارەسەری ئەم کێشەیە سیاسەتی تورکیا پێش ناکەوێ."