Sarp Özer
12 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2021
ئەنقەرە - AA
بە پێی ئامارە بەراییەکان، لە ئۆپەراسیۆنی چنگی ھەڵۆ-٢ دا، کە سوپای تورکیا لە ١٠ی شوباتدا بۆ سەر ئامانجەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە ناوچەی گارا لە باکووری عێراق دەستیپێکردووە، زیاتر لە ٥٠ حەشارگە، پەناگە، کۆگای چەک و تەقەمەنی، بەناو بارەگە و ئەشکەوت خاپوور کراون، ٣٣ چەکداریش لەچالاکی خراون کە بەناو کاديرانی ئیداری رێکخراوەکەیان لەنێودایە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی چنگی ھەڵۆ-٢ بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە کە بەمەبەستی لەچالاکی خستنی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە|کەجەکە و رێکخراوەکانی دیکە و، نەهێشتنی ئەو هێرشانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر خەڵک و هێزە ئەمنییەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوور، لەژێر رۆشنایی مافی بەرگریکردن لە خود کە لە یاسايی نێودەوڵەتیدا سەرچاوەی گرتووە، لە ١٠ی شوباتدا ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ-٢ لە باکووری عێراق دەستیپێکرد بۆ لەناوبردنی ئەو ئامانجانەی لە لایەن تیرۆریستانى پەکەکەوە لە ناوچەی گارا بەکاردەهێنرێن. لە ئێستاشدا ئۆپەراسیۆنەکە وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بەڕێوەدەچێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ئۆپەراسیۆنی چنگی ھەڵۆدا، زیاتر لە ٥٠ کۆگای چەک و تەقەمەنی، بارەگە و ئەشکەوتی تیرۆریستان خاپوور کراون".
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە زیانەکانی پەکەکە کراوە و، هاتووە؛ ''لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا تا ئێستا ٣٣ تیرۆریست لەچالاکی خراون کە دووانیان بەناو کاديرانی ئیداری رێکخراوەکە بوون''.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەوەشی خستووەتەڕوو لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە رێژەیەکی بەرچاو تەقەمەنی ناوخۆیی و میللی بەکارهێنراوە، ئامانجەکان بەتەواوی پێکراون و، گورزی کوشندە لە هەژموونی رێکخراوەکە وەشێندراوە لە ناوچەکەدا.