بوردور
٥٠٠ لەو ئاوارانەی سووریا كە پەنایان بۆ پارێزگای بوردوری توركیا هێناوە، لەرێگەی كاركردن لە كێڵگەكانی فاسۆلیا لە شارۆچكەی ئاغڵاسون، بژێوی ژیانیان دابین دەكەن.
ئەو كەسەی كاركردنی ژمارەیەك خێزانی سووری لە هەندێك لە كێڵگەكاندا رێكدەخات ناوی موستەفا كاراكایایە و لە روونكردنەوەیەكیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەكرد جار جار لە كێڵگەكانیاندا كێشەی نەبوونی كرێكاریان هەیە.
كاراكایا ئاماژەی بەوەكرد هەوڵدراوە لەرێگەی كارپێكردنی ئەو سوورییانەوە كە پەنایان بۆ توركیا هێناوە كێشەكە چارەسەر بكرێت و گوتی: "لە سەرەتادا ١٠٠ سووری لای ئێمە كاریان دەكرد. دواتر ئەو كەسانە خزم و دراوسێكانی خۆیشیان هێنا. لە ئێستادا نزیكەی ٥٠٠ كەسن، دوو ساڵە پێكەوە كاردەكەین''.
كاراكایا ئاماژەی بەوەكرد ئەو سوورییانەی لە شارۆچكەی ئاغڵاسون كاردەكەن، لەو خێوەتانەدا دەمێننەوە كە ئاو و كارەبای بۆ دابین كراوە و رۆژی هەشت كاتژمێر كاردەكەن، رۆژانەیان بریتییە لە ٣٦ لیرە و پێداویستییەكانی خواردن و خواردنەوەشیان خۆیان دابینی دەكەن.
كاراكایا ئاماژەی بەوەشكرد توركیا بۆ سوورییەكان دەروازەی كار و بژێوییە و گوتی: "هەندێكیان لە سووریا، هەندێكی دیكەیان لە مەرسین، ئورفا و عەنتابەوە هاتوون، بەڵام هەموویان لە توركیا زۆر خۆشحاڵن بەو هاوكارییانەی كە كراون''.
كاراكایا باسی لەوەكرد لەدوای كۆتایی هاتنی وەرزی چنینەوەی فاسۆلیا لە ئاغڵاسون، بەرەو ئسپارتا بەڕێ دەكەون بۆ چنینەوەی سێو.
-''تا ئەو كاتەی كار هەبێت بەردەوام دەبین''
یەكێك لەو سوورییانەی كە لەگەڵ دایكی و سێ برای دیكەی هاتووەتە شارۆچكەی ئاغڵاسون، یوسف موستەفایە، ئەو ئاماژەی بەوەكرد دوای ئەوەی لە سووریا رۆژانی ناڕەحەتیان بەسەربردووە، لە توركیا دەستیان بە كاركردن لە كێڵگەكاندا كردووە.
موستەفا باسی لەوەكرد توركیا لەهەموو بارەیەكەوە هاوكارییان بووە و گوتی: "لە سووریا جەنگ هەیە. لەبەر ئەوە بە خێزانەوە لێرە كاردەكەین. تا ئەو كاتەشی كە كار هەبێت، لێرە كار دەكەین''.
یەكێكی دیكە لەو سوورییانەی كە لەگەڵ باوكی، دوو برای و دوو خوشكی لە كێڵگەی فاسۆلیا كاردەكەن، خەلیل حەسەنە، ئەو باسی لەوەكرد كە بەهۆی ئەوەی لە توركیا هەلی كاركردنیان بۆ رەخساوە زۆر دڵیان خۆشە.
حەسەن ئاماژەی بەوەكرد بژێوی خێزانەكەی لەرێگەی كاركردن لە كێڵگەكانی فاسۆلیاوە دابین دەكات و لە توركیا زۆر بەباشی لەگەڵ ئەواندا هەڵسوكەوتیان كردووە، خەڵكی ناوچەكەش زۆر هاریكارییان كردوون.