Zafer Fatih Beyaz,Merve Yıldızalp Yormaz
23 ئەیلوول 2025•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2025
نیویۆرک - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، هەنووکە دۆزی فەڵەستین بووەتە پرسێکی جیهانی و داواشی کرد کە وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەی گرووپ بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدەن.
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە "کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پرسی فەڵەستین و ڕێگەچارەی دوو دەوڵەتی" کە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەشی ئامادە بووان کرد.
لەسەرەتای گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان پیرۆزبایی لەو وڵاتانە کرد کە بڕیاریان داوە دەوڵەتی فەڵەستین بە فەرمی بناسن و گوتی: "لەو باوەڕەدام کە ئەم هەنگاو و دەستپێشخەرییە، چارەسەری دوو دەوڵەتی خێراتر دەکات".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "کۆمەڵکوژی لە غەززە بە هەموو هێزەوە بەردەوامە. هەموو کەسێکی خاوەن ویژدان ئەوەی لا قبوڵکراو نییە و لە ئاست ئەو جینۆسایدەشدا بێدەنگ نابێت".
سەرکۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند کە هەنووکە دۆزی فەڵەستین بووەتە پرسێکی جیهانی و گوتیشی: "ئامانجی حکوومەتەکەی ناتانیاهو ئەوەیە کە دەرفەتی ئەوە نەدات دەوڵەتی فەڵەستین دروست بێت، هەتا بۆشی بگونجێت، فەڵەستینییەکانیش ناچار بە کۆچکردن بکات. بە فەرمی ناسینی دەوڵەتی فەڵەستین لە لایەن وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەی گرووپ، زۆر گرنگە و بڕیارێکی مێژووییە".

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "حکوومەتی ناتانیاهو کە دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵگایەکدایە کە ویستیان بەڕێگەی ستەمی هۆلۆکۆستەوە ڕیشەکێشی بکەن، سەرقاڵی کۆمەڵکوژکردنی دراوسێکانە کە هەزاران ساڵە ئاو و خاکیان هاوبەشە".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "کۆمەڵگای جیهانی ئەرکێتی کە زێدەخوازییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا، کردەوەکان لە قودسی ڕۆژهەڵات و پەرەسەندنی ناسەقامگیرییەکان لە ناوچەکەدا ڕابگرێت. ئامانجی سیاسەتەکانی داگیرکاری و لکاندن دیارە. مراندنی ڕێگەچارەی دوو دەوڵەتی و ئاوارەکانی گەلی فەڵەستین. هەرگیز ڕێگە بەوە نادەین".
لە کۆتاییدا سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئیتر پێویستە ئاگربەست ڕابگەیەندرێت، یارمەتییە مرۆییەکان بە بێ بەربەست بگات بە غەززە و هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە پاشەکشە بکەن".