Ali Kemal Akan
07 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 08 حوزەیران 2023
ئەنقەرە – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا سەرنجی خستە سەر ئەوەی هەردوولا تاوتوێی پێشهاتەکانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینایان کردووە.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لێکۆڵینەوە لە تەقاندنەوەی بەنداوی کاخۆڤکا بە جۆرێک روون و بەرفراوان بێت نەبێتە هۆی هیچ گومانێک.
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە دەتوانێت بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی تەقاندنەوەی بەنداوی کاخۆڤکا لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بە بەشداری پسپۆڕانی رووسیا و ئۆکراینا، نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا پێک بهێنێت و ئامادەیی وڵاتەکەیشی دەربڕی بۆ وەگەڕخستنی تەواوی تواناکانی لەم پێناوەدا.
ئەردۆغان ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامیدان بە رێککەوتنی رەوانەکردنی دانەوێڵە کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لە ئەنجامی هەوڵە هاوبەشەکاندا و بەهۆی ئەم رێککەوتنە رێگە لە سەرهەڵدانی قەیرانی خۆراکی جیهانی گیراوە و گوتوویەتی: "بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لابردنی بەربەرستەکانی بەردەم هەناردەکردنی دانەوێڵە و پەینی رووسیا سوودی دەبێت".
سەرکۆماری تورکیا جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵەکانی تورکیا کردەوە بۆ هێنایەدی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و ئامادەیی جیددی وڵاتەکەی نیشان دا بۆ پشتیوانیکردن لە کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان.