Şener Toktaş
12 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2022
بەدلیس - AA
سەرۆکی گشتی پارتی داوای ئازاد (هودا پار)، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، ئەوەی ئاشکرا کرد کە هاوپەیمانی لەگەڵ هەدەپە پێکناهێنن.
یاپیجیئۆغڵو، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ شاری بەدلیس، لە خانی مێژوویی باشخان، لەگەڵ رۆژنامەنووسان کۆبووەوە و باسی لەوە کرد کە لە میانەی گەشتەکانی بۆ ناوچە جیاوازەکانی تورکیا، ئەوەی بینیوە کە رۆژەڤی سەدا ٨٠-٨٥ی هاووڵاتییان، ئابوورییە.
ناوبراو، ئاماژەی بەوەشدا کە لەڕووی ئابوورییەوە کاسبکاران، خانەنشینان و ئەو کەسانەی کەمترین مووچەیان هەیە، زیاتر لە هەموو چین و توێژەکانی وڵات گازندەیان لە رەوشی ئابووری هەیە و گوتیشی: "ئەو کەسانەی داهاتێکی کەمیان هەیە لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک توشی کێشە بوون. بێگومان ئەمەش هۆکاری زۆرە. لەوانەش بەرزبوونەوەی نرخی دراو و سووتەمەنی لە سەرتاسەری جیهاندا، بەرزبوونەوەی خێرای نرخی خۆراک بەهۆی باس کردنی بەردەوامی قەیرانی وزە و خۆراک و دروستبوونی پەستانی دەروونی لەسەر هاووڵاتییان. نرخی خۆراکەکان هەر چەند رۆژ جارێک دەگۆڕێت. ئەمانەش کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئەو کەسانە دەبێت کە داهاتیان کەمە. هەروەها نرخی کرێخانووش زۆر بەخێرایی زیاد دەبێت".
- "دەشێت هاوپەیمانی پێکبهێنین بەڵام لە ئێستادا زۆر زووە بۆ قسە کردن لەسەر هاوپەیمانی"
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، باسی لەوەش کرد کە ئێستا زۆر زووە بۆ قسە کردن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی، هەرچەندە سەرۆکی گشتی چەند پارتێک بە شێوەی نافەرمی پێشنیازی پێکهێنانی هاوپەیمانیان پێداون، گوتیشی: "پێشنیازەکانمان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی وڵات بە هەموو پارتە سیاسییەکان و جەنابی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان، راگەیاندوە. لە رۆژەڤماندا پێکهێنانی هاوپەیمانی نییە. دەروازەمان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی داخراو نییە و دەشێت هاوپەیمانی پێکبهێنین بەڵام ئێستا زۆر زووە بۆ قسە کردن لەسەر هاوپەیمانی. پرسیاری ئەوەمان لێدەکەن کە ئایا هاوپەیمانی لەگەڵ هەدەپە پێکدەهێنین؟ لە ئێستادا شتی وا بە ئاستەم دەبینرێت. چونکە بە بڕوای ئێمە هەدەپە ئیرادەی بەدەست خۆی نییە و ئیرادەی لە شوێنێکی دیکەیە. بەم شێوەیەش ئێمە ناچین وەک پارتێکی سیاسی لەگەڵ ئەوانە کۆببینەوە کە ئیرادەی هەدەپەیان بەدەستە و باس لەوە بکەین کە چۆن دەتوانین هاوپەیمانی پێکبهێنین. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان ئێمە و هەدەپە، نامەیسەرە".