شرنەخ
وەفدی کۆمیسیۆنی چارەسەر پێکھاتبوو لە ناجی بۆستانجی سەرۆکی کۆمیسیۆن و پەرلەمانتاری ئەماسیە و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی ئاکەپە سەردانی شار جزیرەیان کرد.
وەفدەکە لەبەردەم بەشی ناوەخۆیی مامۆستایانی جزیرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازدا.
بەناوی وەفدەکەوە محەمەد مەتینەر پەرلەمانتاری ئەدیەمان گوتی: ئامانجی سەردانەکەمان گوێگرتنە لەخەلکی شارەکە، ژمارەیەک لەئەندامانی کۆمیسیۆن سەردانی ناوچەکانی ھەرێمی ئیگە دەکەن بۆ ھەمان مەبەست.
مەتینار گوتی :" داواکاری و سکاڵای خەڵکی ناوچەکە وەردەگرین، کاتێ راپۆرتێک ئامادە دەکەین دەبێ گوێ بۆ داوای خەڵک بگرین و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکەین، ئامادەبوونمان لەم ڕوەوەیە دەمانەوێ ھەموو کەسێک بەشداربێ لەپرۆسەکە."
مەتینار گوتیشی: "ئامانجی کۆمسیۆن سەقامگیرکردن و نیشتەجێکردنی ئاشتیە لەم ناوچانە، ئاشتی بۆ سەرجەم شاخەکانمان دێ، چیدی نابێ منداڵانی ئەم وڵاتە لەشاخ بژین، سیاسەت دەتوانێ کێشەکە چارەسەر بکات، بە گفتوگۆو سیاسەت و دیالۆگ دەتوانین ئەم کێشانە چارەسەر بکەین، کێشەی کوردو کێشەی پەکەکە ھەر بەم شێوەیە چارەسەر دەکرێ، بۆیە پێویست ناکات منداڵانمان لەشاخ بمێننەوە، ئەگەر دەیانەوێ چەکەکانیان دابنێن و لەشاخ بێنە خوارەوە، ئەوا ئێمە بواریان بۆ دەڕەخسێنین کە سیاسەت بکەن و بەخێزانەکانیان شاد بن، تورکیا بە خێرایی بەرەو ئەوێ ھەنگاو دەنێت."