شرنەخ
شاندی ھەرێمی کوردستان بریتین لە کەریم شنگاری وەزیری ناوخۆ، تەمەر کۆچەر پارێزگاری دھۆک، نەوزاد هادی پارێزگاری ھەولێر، گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەفین دزەیی.
مەبەستی سەردانەکەیان تاوتوێکردنی چۆنێتی کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە کە لە سەردانی ناوەڕاستی ئەم مانگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای وان، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لەسەری رێککەوتبوون.
شاندی ھەرێمی کوردستان لە پارێزگای شرنەخ لەگەڵ پارێزگاری ھەکاری نەجمەدین کالکان و پارێزگاری شرنەخ حەسەن ئیپەک کۆبوونەوە.
پارێزگاری شرنەخ لەو بارەیەوە روونیکردەوە لە پارێزگای ھەکاری دەروازەی (دەرەجیک و ئوزوملو) و لە پارێزگای شرنەخیش دەروازەی (گولیازی, ئۆڤاکۆی و ئاکتەپە) لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە. ھەروەھا پردێکی نوێ لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هەڵدەبەسترێ، کە بەوە دەبێتە سێیەم پرد لەو دەروازە سنوورییە.
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان کەریم شنگاری گوتی: "لەسەر بڕیاری بەرێز نێچیرڤان بارزانی لێرە ئامادەین. پێمانوایە تا زووتر دەروازەکان بکرێنەوە، ئەوا کاریگەریی زۆر باشی لەسەر ھەردوو دەبێ. بۆیە هەرێمی کوردستان خوازیارە بە زووی ئەو دەروازە تازانە بکرێنەوە."