Mazın Asad
27 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری غینیا، ئەلفا کۆندی گوتی: "گشت ھەوڵەکانمان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی لە ئەفریقا دەخەینەگەڕ. لە پێناو داخستنی تەواوی قوتابخانەکانی گولەن، پێکەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەفریقا کار دەکەین. لەوبارەیەوە دەتوانن متمانە بە من و حکوومەتەکەم بکەن".
دوای کۆبوونەوەی نێوان سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و کۆندی لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئەنقەرە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش ساز کرا.
کۆندی لە گوتەیەکی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: "لە ١٥ی تەمووزەوە تاوەکو ئێستا تورکیا بەرەنگارییەکی مەزنی دەست پێکردووە و یەکڕیزی وڵات بەھێزتر بوو. لەوبارەیەوە بەھۆی پێداگریی و بوێرییەوە بە شانازییەوە پێشوازی لە بەڕێز سەرکۆمار دەکەم. تورکیا دوای ھەوڵی کودەتاکە بەشێوەیەکی زۆر بەھێزتر ھاتە بەردەممان".
سەرکۆماری غینیا ئاماژەی بەوە دا کە لە پشت ھەوڵی کودەتاکەی تورکیادا رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی ھەیە و زیاتر گوتیشی: "بۆیە گشت ھەوڵەکانمان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی لە ئەفریقا دەخەینەگەڕ. لە پێناو داخستنی تەواوی قوتابخانەکانی گولەن، پێکەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەفریقا کار دەکەین. لەوبارەیەوە دەتوانن متمانە بە من و حکوومەتەکەم بکەن".