Abdullah Shukur
14 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2018
ئیستانبوڵ - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن گوتی: "پرسی ئیدلب تاکو ئێستاش ھەستیارە. لایەنەکان بە شێوەیەکی گشتی ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە ھەر ھێرشێک بە تایبەتی بۆ سەر ئیدلب ئەنجامی قورسی لێ دەکەوێتەوە و قەیرانی مرۆیی دروست دەکات، ھاوکات دەبێتە ھۆکاری سەرھەڵدانی تەوژمێکی دیکەی کۆچکردن و تەقینەوەی قۆناغەکانی سیاسی کە لە ئێستادا بەردەوامن".
کاڵن لە دوای کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ لووتکەی چوارقۆڵی لەبارەی سووریا بە بەشداری نوێنەرانی رووسیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و تورکیا، لە نووسینگەی دۆڵمەباخچەی سەرۆکایەتی کۆمار لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
ئیبراھیم کاڵن لەبارەی پرسی ئیدلب گوتی: "بۆچوونی ھاوبەشی ھەموو لایەک وایە کە چارەسەری سیاسی بەکاربھێنرێت نەک سەربازیی".
کاڵن گوتیشی: "ھەوڵەکانی دوای سەردانی بەرێز سەرکۆمارمان بۆ سۆچی گرنگی خۆی دەبێت".
ئیبراھیم کاڵن راشیگەیاند کە: "چاوەرێی ئەوە دەکەین کە دۆخی ئێستای ئیدلب بپارێزرێت، سڤیلەکان بپارێزرێن و قەیرانی مرۆیی سەرھەڵنەدات".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن ھەر لەبارەی ئیدلب گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە تورکیا ئەرکی سەرشانی خۆی لەمەڕ نەھێشتنی ئەگەری مەترسییەکانی ئەمنی لەو شوێنە (ئیدلب) جێبەجێ دەکات. بەڵام بۆردومانکردنی ئیدلب و بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلب جێگای قبوڵ نییە. ھەموومان ئاگاداری لێکەوتەکانی ئەمەین".
ئیبراھیم کاڵن زیاتر گوتیشی: "ئەوەی ئێمە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرکردەکان چاوەڕێ دەکەین ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ئاشکراتر پشتیوانی لە تورکیا بکەن".