Salih Bilici,Muhammet Ali Kemal,Ramal Abdullah Mahmood
05 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەدوای سەردانەکەی بۆ ئێران، بە پێی ئەو هەواڵانەی لە میدیای تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، لە گەڕانەوەیدا بەرەو تورکیا لە فڕۆکەدا ژمارەیەک روونکردنەوەی داوە و، سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ بە کورتی رایگەیاندووە:
''لەچوارچێوەی کێشە ناوچەییەکاندا، تاوتوێی عێراق و سووریامان کرد. لەدوای ئەو هەنگاوانەی لە میانی قۆناغی ئاستانادا دەنرێن، ناوچەی داماڵراو لە شەڕو پێکدادان دروست دەکرێت. میکانیزمی سێقۆڵی بەرکارە. ئێمە رژێم بە موخاتەبی خۆمان نازانین، کۆبوونەوەکان لە نێوان تورکیا، رووسیا و ئێراندا بەڕێوەدەچن. بەرلەوەی ئاستەنگی بۆ بێتە پێشەوە دەمانەوێت پارێزگاریی لەم پرۆسەیە بکەین. بەڵام بەداخەوە لەماوەی رابردوودا ژمارەیەک پێشهات روویاندا. نەخۆشخانەیەک بۆردومانکرا و چەند کەسێک لە ریزەکانی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەودا کوژران. ٤٠ کەس کوژران. ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک رووداو بە هۆی کوژرانی ئەفسەرێکی سوپای رووسیا بە پلەی فەریق روکن، دروست بوون. ئەم دۆخە دەبێتە مایەی خۆشحاڵیی ئەو کەسانەی حەزیان لە مەلەکردنە لە ئاوی لێڵدا. لە چەند شوێنێک شتی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیاری ''ئایا هیچ ئاماژەیەکتان بەدەست گەیشتووە سەبارەت بە نەرمینواندنی باکووری عێراق؟'' رایگەیاند: ''هێشتا هیچ ئاماژەیەکی لەوجۆرەمان بەدەست نەگەیشتووە''.
سەبارەت بە پرسیاری ''ئایا لەگەڵ ئیدارەی هەولێردا، هیچ پەیوەندییەکتان هەیە؟'' ئەردۆغان گوتی: ''هەوڵدانی ئێمە لە ئێستادا بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییەکی لەوجۆرە، دەبێتە کارێکی هەڵە''.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانیشدا بەوەی ''ئایا ئەنجام چی دەبێت؟ تورکیا چاوەڕێی چییە؟''، سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند:
"لە ئەنجامدا بارزانی واز لەو کارە دەهێنێت. خۆی ئەو کارە هیچ زەمینەسازییەکی یاسایی نییە. خۆی پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە. پێویستە ئەوە لە پەرلەمانی فیدرالییەوە تێبپەڕێت. ئەوە روونە کە پەرلەمانی فیدرال رەزامەندی لەسەر ئەمە نادات. حکوومەتی ناوەندی عێراق بە فەرمی ئەوەی راگەیاندووە. دادگای دەستووری عێراقیش بڕیاری گشتپرسییەکەی هەڵپەسارد. بڕیاری دا کە پێویستە ئەوە رابگیرێت".
لە وەڵامی پرسیاری "ئایا بارزانی چ هەنگاوێک بنێت و چی بکات دەبێتە هۆی رازیبوونی تورکیا؟"، ئەردۆغان گوتی: "لەو کارە دەکشێتەوە. گشتپرسییەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە. خۆی ئەو کارەی کراویشە کارپێکراو نییە. بۆ نموونە سەیری رەوشی کۆسۆڤۆ بکەن کە هەلومەرجەکانی ئەوێ تەواو جیاوازیشن. سەرەڕای ئەوەی ١١٤ وڵات دانیان بە کۆسۆڤۆدا داناوە هێشتا ناتوانێت بڵێ 'دەوڵەتم'. یەکەم وڵات کە دانی پیادانا ئەمریکا بوو دووەم وڵات تورکیا بوو کە بە چرکەسات جیاوازی هەبوو. سەرەڕای ئەوانەش ناتوانن بڵێن 'دەوڵەتم'. ئەو کارەی هەرێمی کوردی باکووری عێراق جگە لە ئیسرائیل کەس پشتگیری ناکات. لەبەرئەمە پێویستە کۆتایی بەو کارە بهێنن، رێگاچارەیەکی دیکە نییە. بەپێچەوانەوە لە رێکەوتێکی دیاریکراو ناچار دەبین هەنگاو بنێین".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا لە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێک لە باشووری وڵاتەکەی دەستوەردان دەکەن و گوتی: "ئێمە پێشتر گوتوومانە کۆریدۆرێکی تیرۆر لە باشوورمانەوە دروست ناکەین! ئێمە وەک دەوڵەت رێگە بە دروستکردنی کۆریدۆرێکی تیرۆر نادەین. لە سەرەتادا ئەوە باکووری سووریایە. ئەمەمان بە ئەمریکاش گوتووە. لەگەڵ بەڕێز ترەمپ بە راشکاوی قسەمان کردووە. گوتمان ئەگەر لە باشوورمان شتێکی وا رووبدات بە دڵنیاییەوە دەستوەردان دەکەین. ئێستاش بۆ باکووری عێراقیش بەهەمان شێوە".