عەنتاب
تاقیگاکانی زانکۆی حەسەن کاڵیۆنجو بۆ پاککردنەوەی ژینگە، ئەو زەویانە لە تورکیا پاک دەکاتەوە کە بەھۆی شەڕی عێراق و سوریا پیسبوونە.
تەمەڕ یڵماز سەرۆکی ئەو زانکۆیە لە لێدوانێکی بۆ AA، رایدەگەینێ کە تاقیگاکەنیان لەناوچەکە دەستبەکار بوون. بەبڕوای یڵماز ئەو تاقیگانە زەمینەیەکی وەبەرھێنانی گەورە بۆ ناوچەکە دروست دەکەن. ئەوەیشی ئاشکرا کرد
کە ئەوان لەلایەن بەرپرسانی عێراق و سوریاشەوە داوایان لێکراوە تا لێکۆڵینەوە لە خاکەکەی ئەوانیش دەست پێبکەن. یڵماز پێیوایە ئەو زەویانە بەھۆی پاشماوەکانی شەڕەوە پیس بوون، ھەروەھا دەڵێ: "ئەو کارە سوودی بۆ تەندروستیی مرۆڤیش دەبێت."
یڵماز لە قسەکانیدا ئاماژە بە کاریگەریەکانی ژینگە لەسەر خاک دەکات و دەڵێ: "لە سوریای دراوسێ ٣ ساڵە شەڕ ھەیە، بەھۆی ئەو شەڕەوە پیسبوونی خاک روودەدات، بەڵام تا ئێستا نازانین ئەو رووبەرە کە پیس بووە چەندە. وەکو زانکۆ ئەو داوایەمان بەرز کردەوە. لە عێراقیش ھەمان رووداو ھەیە. لەگەڵ بەرپرسانی سووری و عێراق گفتوگۆمان دەست پێکردووە. ئەوانیش داوایەکی بەم شێوەیان ئاراستە کردووین، بەڵام ھێشتا ھیچ رێکەوتن ئیمزا نەکراوە. لەو وڵاتە چەندین پاشماوەی شەڕ و ماددەی فڕێدراوی تر ھەیە. جگە لەوە پێویستە بزانین بارودۆخی ئەو خاکە چی لێھاتووە. دەبێت بزانین چ ماددەیەکی ژەھراوی لەسەر کۆبۆتەوە، زیانی ئەو ماددانە بۆ تەندروستی مرۆڤ دەستنیشان دەکەین و پێشنیاری چارەسەریشیان پێشکەش دەکەین."
یڵماز، دەڵێ خاکی پیسبوو زیان بەو بەرھەمانە دەگەیەنێ کە لەسەری دەچێندرێن: "ئەمە شتێکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ ھەیە. پیسبوونی خاک، ئاو و ھەوا، واتای ئەوەیە ھەنگاو بە ھەنگاو جیھان لەدەست دەدەین."
یڵماز پێیوایە ئەو تاقیگانە زەمینەی پێشبڕکێ لە بواری پیشەسازیدا دروست دەکەن، ئاماژە بەوەش دەکات لە باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵ یەکەمین تاقیگەی لێکۆڵینەوەی ژینگەیان دروست کردووە: "لە سایەی ئەوەوە دەرفەتی ئەوەمان دەبێت لێکۆڵینەوە بۆ پیشەوەرانی ئەو ناوچەیە بکەین. پیشەسازیی عەنتاب ھەموو رۆژێک پێش دەکەوێ. ئێستا ٤ ناوچەی پیشەسازی ھەیە و بەرھەمێکی باشیشیان ھەیە. دەبێت ئەو بەرھەمە ببێتە بەرھەمێک بۆ دۆستانی ژینگە. چونکە ئەو خراپبوونەی لە ژینگە روودەدات، چاککردنەوە زۆر زەحمەت دەبێت."