پەرلەمانی توركیا
جێگرانی فراکسیۆنەکانی بەدەپە و ئاکەپە و جەھەپە بەمەبەستی چارەسەرکردنی مەسەلەی پەرلەمانتارە بەندکراوەکان کۆبونەوە، لە دیدارەکە بڕیار لەسەر پێکھێنانی کۆمسیۆنێک لەلاپەن پەرلەمانتارە پارێزەرەکان درا.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی ماھیر ئوناڵ، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەھەپە ئێنگین ئاڵتایی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی بەدەپە پەروین بوڵدان و ئیدریس بوڵوکان بەشداریان لە کۆبوونەوەکە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر کۆمسیۆنێک درا کە پێکدێ لە پەرلەمانتاری ئاکپارتی دۆغان قوباد و پەرلەمانتاری جەھەپە ئەتیلا کارت و پەرلەمانتاری بەدەپە حەسیب قاپڵان.
ساڵی رابردوو لە گوتەیەکیدا جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە ماھیر ئوناڵ لەکاتی دانیشتی بودجە لە پەرلەمانی تورکیادا، باسی لە سازدانی کۆبوونەوەکە کردبوو. ئەمڕۆ وەک وەبیر ھێنانەوە باسی لەو کۆبوونەوەیە کرد.
ئوناڵ لەگوتەکانیدا رایگەیاند، "لەگەڵ جێگرانی فراکسیۆنەکان کۆبووینەتەوە، تەنیا مەھەپە بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکرد کە لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی مەھەپە یوسف ھالاچۆغڵوەوە پێان راگەیەنراوە."
ئوناڵ گوتی: "لە کۆبوونەوەکە ھەرسێ پارتەکە بڕیاری پێکھێنانی کۆمسیۆنیمان دا، کە لە ئەندامانی یاساناسی سێ پارتەکە (ئاکەپە، جەھەپە، بەدەپە) پێک دەھێنرێ، رۆژی دووشەمە دەست بەکارەکانیان دەکەن، لەماوەیەکی نزیکدا کۆتایی بەکارەکانیان دێنن، ھەفتەیەکی تر دووبارە بۆ ئەو مەسەلەیە کۆدەبینەوە ، ھەروەھا سەرۆکی پەرلەمانیش کارێکی تری ئەنجام داوە، بۆیە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانیش دیدار ساز دەکەین، بە سود وەرگرتن لەکارەکانی سەرۆکی پەرلەمان، دەمانەوێ لەگەڵ ئەویش دیدارو راوێژ بکەین، دواتر ھەوڵ دەدین رێگە چارەیەک بۆ مەسەلەکە بدۆزینەوە."