Hüseyin Yıldız,Rewa Mahmood Hasan
05 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2019
ئیدر - AA
بوک و زاوایەک کە شاخەوانن دوای ئەوەی لەکاتی هەڵگەران بەشاخێکدا لە ئیدر بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن، لەسەر لووتکەی شاخی تەکەلتی مەراسیمی مارەبڕینەکەیان ئەنجامدا.
ئەکین کایادیبی و زەکی میکیاس لە ٢٠١٧دا لە کاتی هەڵگەران بەشاخی زۆر-دا کە سێ هەزارو ٢٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە بڕیاری هاوسەرگیریان دا.

لەدوای یەک ساڵ ئەو دوو شاخەوانە بۆ مەراسیمی مارەبڕین دەچنە سەر شاخی تەکەلتی کە دوو هەزار و٥٥٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و بۆ ئەو مەبەستەش داوای هاوکاریان لە هاورێ شاخەوانەکانی تر کرد.
سەرۆک شارەوانی توزلوجا، ئەحمەد سەعید سەدرەددین تورکان کە بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی مارەبڕینەکە چووبووە لووتکەی شاخەکە دوای لەبەرکردنی جلوبەرگی تایبەت بە مارەبڕین جزدانی هاوسەرگیری رادەستی ئەکین کایادیبی و زەکی میکیاس کرد.
ئەحمەد سەعید سەدرەددین تورکان لە لێدوانیکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە یەکەم جارە لە تورکیا کاریکی لەو چەشنە دەکرێت و گوتی: ''دوو گەنجی شاخەوان داوایان لە ئێمە کرد کە لەسەر شاخ مارەیان ببڕم. هاتم هەرچەندە سەخت بوو، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە توانیم ئامادەبم و مارەییان ببڕم".

ئەکین کایادیبی-ی بووک دەڵێت، ''نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لەسەر 'شاخی زۆر' بڕیاری هاوسەرگیریمان دا. بیرمان کردەوە و پلانمان داڕشت دوای ئەوەی بەسەر لووتکەی شاخی تەکەلتی-دا هەڵگەراین مەراسیمی هاوسەرگیریەکەمان بەڕێوەبەرین. زۆر دڵخۆشین".
زەکی میکیاس-ی زاوا ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر جار بەسەر شاخدا سەرکەوتوون، بەڵام ئەمجارە جیاوازبووە و گوتی: ''هەڵگەرانەکە زۆر مایەی دڵخۆشی بوو. ئێمە خۆمان وەرزشی شاخەوانی دەکەین، کاتێک وەرزشمان دەکرد ئەو بیرەمان بۆهات. ئەگەر هاوسەرگیری بکەین و شاخەوان بین دەبێت لەسەر لووتکەی شاخێک هاوسەرگیری بکەین و لەسەر شاخی تەکەلتی کە دوو هەزار و٥٥٠ مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریاوە بەرزە چووینە ژیانی هاوسەرگیریەوە".