پەرلەمانی تورکیا
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی مەھەپە لە پەرلەمانی تورکیا ئۆکتای ڤوراڵ سەبارەت بە دیداری سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی رایگەیاند: "ئیتر پێوێست بە ئۆجالان نەماوە ئەو شتانەی ئۆجالان نەیتوانی بیانکا، ئەردۆغان کردنی. ئەو شتانەی بەخەیاڵی PKKشدا نەدەھات ئەردۆغان وا دەیانکاتە راستی."
ڤوراڵ لە کۆبوونەوەیەکیدا رەخنەی لە پێکەوە وەستانی ئەردۆغان و بارزانی گرت و تابلۆیەکی وێنەی شەھیدانی لەگەڵ خۆی ھێنابوو کە لە سەری نووسرابوو "ئەوانە بەبێ ھۆ نەمردن" و "بە شەھیدەکان مەڵێن مردوو چونکە ئەوانە زیندوون."
ڤوراڵ گوتیشی: "دیاربەکر شانۆی خیانەت و ئەکتەرەکانیش ئەردۆغان و میوانەکانی دوژمنی تورکیا بوون. میللەتی تورک بێ خاوەن نییە، دەوڵەتی کۆماری تورکیا بێ خاوەن نییە."
ڤوراڵ گوتی: "ئەردۆغان و ئۆجالان و بارزانی دژی میللەتی تورک لە یەک بەرەدان. ئەردۆغان بە کردەوە مافی ئەوەی بەدەست ھێناوە ببێتە ھاوسەرۆکی پەکەکە."
ڤوراڵ ئاماژە بەوەکرد کە ئەردۆغان پێش ٦ ساڵ سەبارەت بە بارزانی دەیگوت "من لەگەڵ سەرکردە ھۆزەکان دانانیشم: "کەچی ئێستا ناچار کراوە کە پێشوازی لە سەرکردە ھۆزەکان تەنانەت بە جلوبەرگی خۆیانەوە بکا. مرۆڤ دەبێ شەرم بکا. چیت دەگوت و چیت کرد."
پێشتر بەدەپەییەک سەبارەت بە وێنەی داربەڕووی سەر ئاڵای پارتەکەیان، گوتبوی "نازانم لقی ئەم دارە بە کێدا چووە کە پێیان ناخۆشە". ڤوراڵ گوتی: "ئەوانەی داربەڕوویان وەکو ناونیشان پیشانی ئەردۆغان دەدا ئێستا لەگەڵیان پێدەکەنێ، مرۆڤ چۆن دەتوانێ بەرگەی ئەم شتانە بگرێ، ئەگەر تۆ لە پۆستی سەرۆکوەزیران دادەنیشی وەک سەرۆکوەزیرانی کۆماری تورکیا دابنیشە، ئەوە چ حاڵە!"
ڤوراڵ گوتیشی: "ناونانی کوردستان لەم جۆگرافیایە، چواندنی دیاربەکر بە ھەولێر، زیندووکردنەوەی پەیمانی سیڤەر و دڕاندنی پەیمانی لۆزانە."
ڤوراڵ سەبارەت بەو قسەیەی ئەردۆغانیش کە گوتبوی: "ئەوانەی لە شاخن دێنە خوار و زیندانەکانیش چۆڵ دەکرێن"، گوتی "ئەردۆغان بەم قسەیە ئەوە رادەگەیەنێ کە لێبوردن بۆ رێکخراوی تیرۆر دەردەکا."
ڤوراڵ سەبارەت بە ھاوسەرگیری لە دیاربەکر گوتی: "ئەو رێوڕەسمە وێنەی تازەکردنەوەی ئەوینی قەدەغەی ئاکەپە و پەکەکە وئەوینی قەدەغەی ئەردۆغان و ئۆجالان بوو. بارزانیش بەربووک بوو بۆ ئەوان. ئەردۆغان دیاربەکر وەکو پارچەی میللەت و دەوڵەتێکی دیکە دەبینێ."