Fecri Barlık
26 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2022
سێرت - AA
نانی وشک کە لە ئاردی بە کەپەک دروست دەکرێت لە سێرت، نزیکەی بە ١٢ کاتژمێر لەنێو ئاگری داری تەندرودا دەبرژێندرێت.
ئەم جۆرە نانە کە لە ناوچەکە پێی دەگوترێت "کێکی ئغبەیس" ئەگەر لە شوێنی گونجاو هەڵبگیرێت تا ماوەیەکی زۆر تێک ناچێت و گەرم دەکرێتەوە و دەخورێت.
ئەم جۆرە نانە بەشێوەیەکی گشتی لە خوانی بەیانیدا لەگەڵ پەنیروگیا دەخورێت.
بەرهەمهێنەری نانی وشک، حەقی کارا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ئەم جۆرە نانە کە گەرم دەکرێتەوە و دەخورێت هەمیشە داواکاری باشی لەسەر بووە.
حەقی کارا لەبارەی چۆنێتی دروستکردنی نانەکەوە گوتی: "نزیکەی ٤٠ خولەک هەویرەکە دەشێلین. ئاردی سپی لە هەویرەکە ناکەین. کەمێک هەڵاتەی تێک دەکەین. دوای ئەوەی لە مەنجەڵدا خەست دەبێتەوە بە ئامێر دەیانکەینە هەنگوتکی ٣٠٠ گرامی. دوای خەستبوونەوەیان ٤٠-٥٠ خولەک لەناو کاسەدا رای دەگرین، کونجی پێدا دەکەین و هێلکەی تێ هەڵدەسووین و بە تەندور دەیبرژێنین".
کارا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئێوارە هەنگوتکەکان بە تەندورەوە دەدەن و دوای نزیکەی ١٢ کاتژمێر نانەکە دەبرژێت و گوتی: "ئەگەر نانی وشک گەرم نەکرێتەوە و بخورێت، زیان بە ددان دەگەیەنێت. ئەگەر ماوە دوو خولەک لە ئاودا جێ بهێڵدرێت و لەگەڵ پەنیروگیا و چا بخورێت تامێکی زۆر خۆشی هەیە. دەکرێت تا نزیکەی شەش مانگ هەڵبگیرێت".
- "بۆ ئەو خزمانەی رەوانە دەکەین کە لە پارێزگاکانی دیکەن"
هاووڵاتیی مەحفوز سایم بە ئاماژەدان بەوەی کە زوو زوو ئەم جۆرە نانە دەخۆن، گوتی: "کاتی خۆی دایکانمان ئەو جۆرە نانەیان دروست دەکرد. جۆرە نانێکی تایبەتە بە ناوچەکەمان. ئەم نانە دوای گەرمکردنەوەیەکی کەم و نەرمبوونەوە دەخورێت. بۆ ئەو خزمانەیشی رەوانە دەکەین کە لە پارێزگاکانی دیکەن".
هەروەها هاووڵاتیی نەجاتی سورمە ئاماژەی بەوە دا کە ئەم جۆرە نانە، جگە لەوەی تامێکی تایبەتی هەیە، مرۆڤ تا ماوەیەکی باش بە تێری دەهێڵێتەوە.
هاوکات هاووڵاتیی حیکمەت یڵماز ئاماژەی بەوە دا کە لە منداڵییەوە بەو جۆرە نانە ئاشنایە، گوتی: "نانی سەردەمی منداڵیمانە و تامی هیچ نەگۆڕاوە. لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا لەگەڵ نانی فڕن راهاتین، بەڵام تامی نانی تەندور زۆر جیاوازە".