ئیستانبوڵ - AA
موسڵمانان بۆ خوێندنی نوێژی هەینی لە ئیستانبوڵ روویان لە مزگهوتی گەورەی ئایاسۆفیای شەریف کرد و دوای تێپەڕینیان بە خالەکانی چاودێری و ئاسایش، گەیشتنە حەوشەوی مزگەوتەکە.
مزگهوتی ئایاسۆفیا، ئەمڕۆ به ئهنجامدانی نوێژی ههینیی تیایدا له دوای ٨٦ ساڵ سهرلهنوێ بهڕووی پهرستشدا کرایەوە.
دوای بڕیاری سهرلهنوێ كردنهوهی مزگهوتهكه بهڕووی پهرستشدا، ئایاسۆفیا بۆ ماوهیهكی كهم بهڕووی سهردانكردندا داخرا و لهئێستاشدا ئامادهكارییهكان بۆ رێكخستنی رێوڕهسمی كردنهوهی بهڕووی پهرستشدا تەواو بوون.
ئەوەی خوارەوە دەقی وتاری هەینیی مزگهوتی گەورەی ئایاسۆفیایە:
ئایاسۆفیا: نیشانەی فەتحی ئیستانبوڵ و ئەسپەردەی سوڵتان محەمەد فاتح
موسڵمانانی بەڕێز!
میهرەبانی و پشتیوانی خودا و بەرەکەت و ئارامی رۆژی هەینیتان لەسەر بێت.
لەم کاتە پیرۆزە و لەم شوێنە بەشکۆیەدا هەموومان پێکەوە دەبینە شاهیدی ساتێکی مێژوویی.
سوپاس و ستایشی بێپایان بۆ خوای باڵادەست، ئەمڕۆ کە سێیەم رۆژی مانگی پیرۆزی "ذوالحجة"یە جارێکی دیکە لە مزگەوتی ئایاسۆفیا-دا نوێژی هەینی ئەنجام دەدرێت و حەسرەتی قوڵی داخستنی ئەم مزگەوتە لە دڵی نەوەکانی سوڵتان محەمەد فاتیح-دا کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ جارێکی دی دەنگی تەکبیر، تەهلیل و سەڵاوات لە قوبە و منارەکانی ئایاسۆفیا بەرزدەبێتەوە، هاوشێوەی ٦٠ ساڵ بەر لە ئێستا کاتێک دوای ١٨ ساڵ لە قەدەغە کردنی بانگدان بە عەرەبی دووبارە لە مزگەوتەکانەوە بانگدرایەوە و لە هەر ١٦ بڵندگۆکەی مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد-ی بەرامبەر ئایاسۆفیا-وە دەنگی "الله اكبر" بەرزبووبووەوە. ئەمڕۆ موسڵمانان بەدەم رشتنی فرمێسکی خۆشییەوە بۆ نوێژ ریزدەبەستن و بە تامەزرۆییەوە دەچەمێنەوە و کڕنوشی سوپاسگوزاری بۆ خوا دەبەن.
ئەمڕۆ رۆژی شکۆ و خاکی بوونە. سوپاسی بێ پایان بۆ زاتی حەق کە ئێمەی بەم رۆژە بەشکۆیە گەیاند، لە مزگەوتەکاندا کۆیکردینەوە و بە ئایاسۆفیا-ی شاد کردینەوە.
پێغەمبەری خۆشەویستمان (د.خ) مژدەی فەتحی ئەم شارەی پێداوین و فەرمویەتی: "بەدڵنیاییەوە شاری قونستانتینیە فەتح دەکرێت، ئەو فەرماندەیەی ئەو شارە فەتح دەکات چ فەرماندەیەکی بەشکۆیە و سوپاکەشی چ سوپایەکی بەشکۆیە".
سڵاو لە رۆحی پاکی یاوەرانی پێغەمبەرمان و شوێنکەوتوانیان کە لەسەر بنەمای ئەم مژدەیە بۆ فەتحی ئیستانبوڵ بەڕێکەوتون، لەپێش هەمووشیانەوە حەزرەتی ئەبو ئەیوبی ئەنساڕی کە بە ئەندازیاری مەعنەوی ئیستانبوڵ هەژمار دەکرێت.
فەتح، داگیر کردن نییە بەڵکو ژیاندنەوەیە: خاپوور کردن نییە و بنیاتنانەوەیە. لە شارستانیەتی ئێمەدا فەتح، کردنەوەی دەروازەکانی شارێکە بەڕووی ئیسلام، ئاشتی و دادپەروەریدا. سڵاو لە رۆحی تەواوی ئەو فەرماندە و سەربازانەی بەم باوەڕەوە ئانادۆڵو-یان فەتح کردوە و کردویانەتە نیشتمان، پاراستویانە و ئەسپەردەی ئێمەیان کردووە.
سڵاو لە رۆحی پاکی سوڵتانی دڵان حەزرەتی ئاقشەمسەدین کە سەودای فەتحی لە دڵی سوڵتان محەمەد فاتیح نەخشاند و دوای فەتحی شارەکە لە یەکی حوزەیرانی ١٤٥٣دا لە مزگەوتی ئایاسۆفیا پێشنوێژی یەکەم نوێژی هەینی کرد.
سڵاو لە رۆحی سوڵتان محەمەد فاتیح، ئەو سەرکردە گەنج و جوامێرەی کە لە مێژوو، ئەدەبیات، زانست و هونەردا بلیمەت بوو، لەڕێی بەکارهێنانی پێشکەوتوترین چەکەکانی ئەو سەردەمە و کەشتی جەنگییەوە، بە پشتبەستن بەو ئایەتە پیرۆزەی دەفەرموێت: "کاتێک بڕیاری کارێکت دا پشت بە خوا ببەستە. بەڕاستی خوا ئەو کەسانەی خۆشدەوێت کە پشتی پێدەبەستن"، شاری ئیستانبوڵ-ی فەتح کرد و دواتر نەیهێشت هیچ زیانێک بە بەردێکی ئەم شارە ئازیزە بگات.
سڵاو لە رۆحی میعمار سینان کە ئایاسۆفیا-ی بە منارەکانی رازاندەوە و وای کرد چەندین سەدە بە پایەداری بمێنێتەوە.
سڵاو لە تەواوی خوشک و برایانی ئیماندارم کە لە سەرتاسەری جیهاندا بە حەسرەتەوە چاوەڕێی کردنەوەی ئایاسۆفیا بوون و دووبارە کرانەوەی دەروازەکانی مزگەوتەکەیان پیرۆز کرد.
سڵاو لە باپیرانی بەڕێزمان کە لە پێناو بڵاوکردنەوەی حەق و راستی بە جیهاندا و چەسپاندنی رەوشت و دادپەروەری خۆیان لەڕێی مرۆڤایەتی و چاکەدا بەخت کرد.
سڵاو لە تەواوی ئەو کەسە مەزنانەی لە دوێنێ و ئەمڕۆدا بە دڵ و گیان تێکۆشاون بۆ ئەوەی مزگەوتی ئایاسۆفیا بە بانگ، قامەت، وتار، نزا، تیلاوە، چالاکییە زانستییەکانی و ریزبەستنی نوێژخوێنان شادبێتەوە.
سڵاو و میهرەبانی خودا بڕژێت بەسەر هەموو رابەرانی زانست، بیر، عیرفان و ئیحساندا کە ئایاسۆفیا-یان وەک "ژووری پیرۆز لە ماڵی رۆحی خۆماندا" وەسفکردوە، ئومێد و خۆڕاگرییان داوەتە خەڵک و گوتویانە: "بەدڵنیاییەوە دووبارە دەروازەکانی ئایاسۆفیا دەکرێنەوە! چاوەڕێبن گەنجان!...با کەمێکی دیکە میهرەبانیمان بەسەردا بڕژێت، لە دوای هەر بارانێک لافاوێک هەیە. ئەگەر من پوشێکبم لەسەر ئەو لافاوە ئیتر چی دیکەم لە خودا دەوێت؟ ئەو مزگەوتە وەک کتێبێکی پیرۆز دەکرێتەوە".
ئیماندارانی خۆشەویست!
ئایاسۆفیا تەمەنی لە ١٥ سەدە زیاترە و یەکێکە لە بەبەهاترین شوێنەکانی حیکمەت و بەندایەتی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. ئەم پەرستگا دێرینە دەربڕینێکی نایابی بەندایەتی و خۆبەدەستەوەدانە بە پەروەردگاری جیهانیان.
ئایاسۆفیا نیشانەی فەتحی ئیستانبوڵ و ئەسپەردەی سوڵتان محەمەد فاتیح-ە. سوڵتان محەمەد ئەم پەرستگا شکۆمەندەی کە وەک بیلبیلەی چاوی خۆشی ویستوە، بەمەرجی ئەوەی تا قیامەت وەک مزگەوت بمێنێتەوە وەقف کردووە و ئەسپەردەی ئیماندارانی کردووە. لە بیروباوەڕی ئێمەدا وەقف دەستکاری ناکرێت، هەرکەسێک دەستکاری وەقف بکات دوچارەی لەناوچوون دەبێت، هەروەها مەرجی خاوەن وەقفەکە پێشێل ناکرێت و ئەوەی پابەندنەبێت پێیەوە بەر نەفرەت دەکەوێت.
هەربۆیە لەو رۆژەوە تا ئێستا مزگەوتی ئایاسۆفیا نەک تەنها بۆ وڵاتەکەمان بەڵکو بۆ تەواوی ئومەتی محەمەد هێمای شکۆ و تایبەتمەندییە.
ئایاسۆفیا ئەو شوێنەیە کە جارێکی دیکە میهرەبانی فراوانی ئیسلامی لێوە نیشاندراوە. محەمەد فاتیح بەو کەسانەی دوای فەتحی ئیستانبوڵ لەو بڕیارە دەترسان کە لە بارەیانەوە دەدرێت و پەنایان بۆ ئایاسۆفیا بردبوو، گوت "مەترسن، لە ئێستاوە هیچ نیگەرانی ژیان و ئازادیتان مەبن. ماڵی هیچ کەسێک تاڵان ناکرێت، ستەم لە کەس ناکرێت، هیچ کەسێکیش بەهۆی ئایینەکەیەوە سزا نادرێت".
هەربۆیە ئایاسۆفیا هێمای رێزگرتنی بیروباوەڕ و پێکەوە ژیانە.
موسڵمانانی قەدرگران!
کردنەوەی دەروازەکانی ئایاسۆفیا بەڕووی نوێژخوێناندا، وەفایە بۆ دەستکەوتە مێژووییەکان. گەڕانەوەی شوێنێکی پیرۆزە بۆسەر شوناسە راستەقینەکەی خۆی کە بە درێژایی پێنج سەدە مزگەوت و پەناگەی ئیمانداران بووە.
کردنەوەی دەروازەکانی ئایاسۆفیا بەڕووی نوێژخوێناندا، سەلمێنەری بەزاندنی هەموو ئاستەنگ و سەختییەکانە لە لایەن شارستانیەتی ئیسلامەوە کە بناغەکەی یەکتاپەرستی، پایەکانی زانست و ناوەرۆکەکەی جوامێرییە.
کردنەوەی دەروازەکانی ئایاسۆفیا بەڕووی نوێژخوێناندا، بۆ تەواوی ئیماندارانی ستەملێکراو و هەموو مزگەوتە غەمگینەکانی جیهان لەپێش هەمووشیانەوە مزگەوتی ئەقسا، گەیشتنە بە ئاوی ژیان.
کردنەوەی دەروازەکانی ئایاسۆفیا بەڕووی نوێژخوێناندا، هەوڵێکە بۆ بنیاتنانی ئایندەیەک هێزە مەعنەوییەکەی لە رەچەڵەکی گەلە ئازیزەکەمانەوە بەدەستبهێنێت کە خۆشویستی گەل و ئیمانی خستوەتە پێش هەموو شتێکەوە.
ئیماندارانی بەشکۆ!
شارستانیەتی ئێمە شارستانیەتێکە کە سەرچاوەکەی لە مزگەوتەکانەوە هاتووە. مزگەوتەکانمان سەرچاوەی یەکێتی، خۆڕاگری، باوەڕ و ئارامیمانن. مزگەوتەکانمان ئەو شوێنانەن کە لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە تیایاندا کۆبووینەتەوە، یەکمان ناسیوە و دۆستایەتی لە نێوانماندا دروست بووە. خوای باڵادەست لەبارەی ئەو کەسانەی مزگەوت دروست دەکەن دەفەرموێت: "تەنها ئەو کەسانەی باوەڕیان بە خوا و رۆژی دوایی هێناوە، نوێژەکانیان بە باشی ئەنجامدەدەن، زەکات دەبەخشن و جگە لە خوا لە هیچ کەسێکی دیکە ناترسن، مزگەوتەکان دروست دەکەن. ئەمانە ئەو کەسانەن کە تەمەنای دۆزینەوەی رێگای راست دەکەن".
خوشک و برایان!
چ شتێک لە مزگەوتێک غەمگینترە کە قوبە و منارەکانی بێدەنگ، مینبەرەکەی پشتگوێخراو و باخچەکەی چۆڵ بێت؟ ئەمڕۆ لە ناوچە جیاجیکانی جیهان بە هاندانی ئیسلامۆفۆبیا هێرش دەکرێتە سەر مزگەوتەکان، دەرگاکانیان دادەخرێن، تەنانەت هەندێکیان لەڕێی بۆمبەوە وێران دەکرێن، بەم شێوەیە موسوڵمانان لەبەردەم ستەمێکی بەردەوامدان. ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیەی سوڵتان محەمەد فاتیح لە مزگەوتی ئایاسۆفیا نواندی وەک نموونەیەک نیشانی جیهان دەدەم و داوا لە هەموو مرۆڤایەتی دەکەم بەرامبەر تەواوی دروشم و ستەمەکانی دژ بە ئیسلام بوەستنەوە.
خوشک و برایان!
ئێمە وەک ئەو ئیماندارانەی کە پەیامی ئایاسۆفیا بە ئامانج و ئەسپەردەیەکی پیرۆز دەزانین، ئەرکی سەرەکیمانە لە ئێستادا کار بۆ ئەوە بکەین میهرەبانی، لێبوردەیی، ئاشتی، ئارامی و چاکە لە سەرتاسەری جیهاندا بچەسپێت. ئامانجی راستەقینەی هاتنی پێغەمبەری ئیسلام و پێغەمبەرانی دیکەش هەر ئەمە بووە. هەربۆیە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە شەو و رۆژ لەپێناو بەرقەرار کردنی چاکە، ماف و دادپەروەری هەمیشەیی لە جیهاندا خەبات بکەین، ببینە ئومێدی رزگاری بۆ مرۆڤایەتی کە لە ئێستادا دوچاری چەندین گرفتی زەبەلاح هاتووە، ببینە دەستەبەرکەری دادپەروەری بۆ ئەو جوگرافیایانەی بەهۆی ستەم و نادادیەوە دوچاری ئازار و بێچارەیی بوون و پابەندبین بە بانگەوازی: "ئەی موسوڵمان! ئەوەندە بەجوانی و بەڕاستی لە ئیسلام تێبگە، بژی و خەڵک فێربکە، ئەگەر کەسێکیش هات بۆ کوشتنت هەر بەزیندوویی بمێنیتەوە".
ئێمە باوەڕمان وایە، هەروەک حەزرەتی عەلی فەرمویەتی: "مرۆڤەکان یان لە ئاییندا بران یان لە بەدیهاتنیاندا یەکسانن". پێمان وایە زەوی ماڵی هاوبەشی هەموومانە. ئێمە باوەڕمان وایە هەرتاکێکی ئەم ماڵە ئیدی هەر باوڕ، نەژاد، رەنگ و خاکێکی هەبێت، مافی ئەوەی هەیە بەشیوەیەکی ئازاد و شکۆمەند لە ئاسایشدا بژی.
لەژێر قوبەی ئایاسۆفیا-دا تەواوی مرۆڤایەتی بۆ دادپەروەری، ئاشتی، میهرەبانی و راستبێژی بانگێشت دەکەم. داوا دەکەم بەرگری لەو بەها گەردونی و بنەما ئەخلاقییانە بکرێت کە هەوڵی پاراستنی شکۆی مرۆڤبوون دەدەن. وەک پەیڕەوکارێکی کۆتا ئایینی حەق کە پارێزبەندی بۆ ژن-پیاو، منداڵ- گەنج و پیر راگەیاندوە، بانگەواز دەکەم بۆ هەماهەنگی کردن و هاوکاری کردن لە پاراستنی گیان، ئایین، بیرکردنەوە، ماڵ و نەوەی مرۆڤایەتی. چونکە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستمان بە یەکگرتنی دڵمان و ناخمان، ئەقڵمان و ویژدانمان، پێکەوە کۆکردنەوەی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ و ئاشتکردنەوەی مرۆڤ و سروشت هەیە.
لە کۆتایی گوتارەکەمدا دەمەوێت رووی دەمم بکەمە هەموو جیهان:
ئەی مرۆڤەکان!
دەروازەکانی مزگەوتی ئایاسۆفیا هاوشێوەی دەروازەی مزگەوتەکانی سولەیمانیە، سەلیمیە، سوڵتان ئەحمەد و مزگەوتەکانی دیکە بەڕووی هەموو بەندەیەکی خوادا کراوە دەبێت. پشت بە خوا لە کەشی مەعنەوی مزگەوتی ئایاسۆفیا-دا گەشتی باوەڕ، بەندایەتی، مێژوو و تێڕامان بەبێ پچڕان بەردەوام دەبێت.
لە زاتی حەق داواکارین بەختەوەری خزمەتکردنی مزگەوتی ئایاسۆفیا بە ئێمە ببەخشێت، کە لە دڵماندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. هەروەها لوتفی ئەوەمان پێببەخشێت رێزێکی شایستە بە مزگەوتی ئایاسۆفیا نیشانبدەین کە سەرتاپا شکۆمەندیە. نزادەکەین خۆشەویستی و رەزامەندی خۆی بڕێژێت بەسەر هەموو ئەو کەسانەی هەوڵی پاراستنی کولتوور و ناسنامەمان دەدەن و کاریان بۆ دووبارە کردنەوەی دەروازەکانی مزگەوتی ئایاسۆفیا کردوە.
news_share_descriptionsubscription_contact



