Ramal Mahmood
05 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2016
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو:
- "ئایا تاکو ئێستا یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بە پەکەکەیان گوتووە چەکەکانتان دابنێن؟ تەنها گوتوویانە خەمبارین، پرسەنامەی خۆمانتان پێ رادەگەیەنین. مادام وڵاتێکی ئاوا بەهێزن بە پەکەکە بڵێن چەکەکانیان دابنێن، بۆ وا ناڵێن؟"
- "بەداخەوە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ تیرۆریستان بووەتە باخی بەهەشت. تەنانەت ئەو تیرۆریستە شەڕکەرە بیانیانەشیان ئازادکردوون کە ئێمە رادەستی ئەوانمان کردنەوە. ئێوە ئەو کەسانەی بە تیرۆریستیش لە قەڵەمتان داون رێگە دەدەیت لە ناو وڵاتەکانتان چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن".
- "(وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا) ئایا تاکو ئێستا بەو ئەندامانەی هەدەپەتان گوتووە 'مەودایەک لەنێوان خۆتان و تیرۆریستان دابنێن'؟ ئەوانەی درێژکراوەی رێکخراوی تیرۆریستی بوون بەهەموو شێوەک هاوکاریتان کرد. ئەگەر دادگا لە وڵاتی ئێوە بانگهێشتی کردن، ئایا بەدەم بانگهێشتەکەوە ناچن؟ ئەگەر نەچن دێن ئێوە دەگرن و دەتانبەنە بەردەم دادگا".
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو، رایگەیاند: "ئایا تاکو ئێستا یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بە پەکەکەیان گوتووە چەکەکانتان دابنێن؟ تەنها گوتوویانە خەمبارین، پرسەنامەی خۆمانتان پێ رادەگەیەنین. مادام وڵاتێکی ئاوا بەهێزن بە پەکەکە بڵێن چەکەکانیان دابنێن، بۆ وا ناڵێن؟"
چاوشئۆغڵو بەشداری لە بەرنامەیەکی کەناڵی EGE TV کرد و تاتوێی پێشهاتەکانی رۆژەڤی کرد.
لەبارەی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەدەپە لە میانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تیرۆر، چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا ئەو کەسانەی هەڵبژێردراون دەبێت پابەندبن بە دەستوور و یاساکانی ئەو وڵاتە. بە پێویستی زانی کە باوەڕ بە سەروەری بوونی یاسا و بەدەمەوەچوونی بانگهێشتی دادگا هەبێت. لەو بارەیەوە بەدەمەوەچوونی سەرۆکی گشتیی و پەرلەمانتاری زۆر حزبی بەنموونە هێنایەوە بە ئاک پارتیشەوە.
چاوشئۆغڵو لەسەر ئەم پرسە لێدوانی ئەمریکای هێنایە بەرباس و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە کۆماری تورکیا ویلایەتێکی ئەمریکا نییە. گوتیشی: "ئەمریکا هاوپەیمانی ئێمەیە بەڵام ئێمە ویلایەتێکی ئەمریکا نیین. وەک نموونە خۆ ئێمەش نیگەرانین لەوەی کاتێک بێبەزەییانە رەشپێستەکان دەکوژن. ئێمە نیگەرانین لەوەی پۆلیسەکانیان بەچێژوەرگرتنەوە رەشپێستەکان دەکوژن. بەڵام ئێمە رووبەڕوو ئەوەیان پێ دەڵێین. ئێمە بەباشی نازانین ئاوا وەک هێزێک بەسەر تورکیاوە ئەوە بڵێن. با ئەوان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیان بدەن. با لەجێگای ئەوەی لەبارەی سزای لەسێدارەدان لە تورکیا قسە بکەن، با سەیری سزای لە سێدارەدان لە ئەمریکا بکەن. ئەگەر لە توانایاندایە با چەک بە پەکەکە دابنێن. مادام هێندە بەهێزن. ئەو چەکانەی ئەوان داویانەتە یەپەگە ئێمە لە دەستی چەکدارانی پەکەکە دەیانگرین. ئایا تاکو ئێستا یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بە پەکەکەیان گوتووە چەکەکانتان دابنێن؟ تەنها گوتویانە خەمبارین، پرسەنامەی خۆمانتان پێ رادەگەیەنین. مادام وڵاتێکی ئاوا بەهێزن بە پەکەکە بڵێ چەکەکانیان دابنێن، بۆ وا ناڵێن؟ راستە لەوانەیە پەیمان بشکێنن یان نەشکێنن. بەڵام با لانی کەم داوایەک بکەن تەنانەت ئەگەر هەر داوایەک بێت بێ هاوسۆزی و خەمخۆریش".
چاوشئۆغڵو رەخنەی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا گرت بەوەی هەر ئەوانەی بە تیرۆریست لە قەڵەمیان دەدەن دەرگایان بۆ واڵاکردون و رێگە لە چالاکییەکانیان ناگرن، گوتی: "بەداخەوە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ تیرۆریستان بووەتە باخی بەهەشت. تەنانەت ئەو تیرۆریستە شەڕکەرە بیانیانەشیان ئازادکردوون کە ئێمە راداستی ئەوانمان کردنەوە. ئێوە ئەو کەسانەی بە تیرۆریستیش لە قەڵەمتان داون رێگە دەدەیت لە ناو وڵاتەکانتان چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن. ئایا رێگە بە داعش دەدەن؟ نەخێر. ئێمە رێگە بە داعش دەدەین؟ نەخێر. ئێمە رێگە بەهیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی نادەین. بەڵام ئەوان سیاسەتی دوو فاقی و دووڕوویی پەیڕەو دەکەن. ئایا تاکو ئێستا بەو ئەندامانەی هەدەپەتان گوتووە 'مەودایەک لەنێوان خۆتان و تیرۆریستان دابنێن'؟ ئەوانەی درێژکراوەی رێکخراوی تیرۆریستی بوون بە بەهێزترین شێوە هاوکاریتان کرد. ئەگەر دادگا لە وڵاتی ئێوە بانگهێشتی کردن، ئایا بەدەم بانگهێشتەکەوە ناچن؟ ئەگەر نەچن دێن ئێوە دەگرن و دەتانبەنە بەردەم دادگا".