Muhammet Ali Kemal
10 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2016
وەزیری دادی تورکیا بەکر بۆزداغ سەبارەت بەو دۆسیانەی پەیوەستن بە پارێزبەندیی پەرلەمانتارانەوە، رایگەیاند: ''لە وەزارەتی داد ١١٧ دۆسیەمان لەلابوو. ئەوانەمان پێشتر ناردبوو بەڵام گۆڕانکاریی بەسەر یاساکەدا هات. دوێنێ ئەو ١١٧ دۆسیەیەمان لە وەزارەتی دادەوە ئاراستەی داواکاری گشتیی کرد''.
بۆزداغ لەبەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی تەرەتە هابەردا هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
بەکر بۆزداغ رایگەیاند لەگەڵ کەوتنە بواری جێبەجێکردنی هەمواری دەستووریی یاسای تایبەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران لەدوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا، بەربەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی یاسایی لەگەڵ ١٥٢ پەرلەمانتاردا کە ٧٩٩ دۆسیەیان لەسەرە، هەڵگیراوە.
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەو دۆسیانە رەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات کە لەبەردەستیدایە و ئەویش دۆسیەکان رەوانەی وەزارەتی داد دەکات. دوای ئەوەش وەزارەتەکەی ئەوان ئەو دۆسیانە بۆ داواکارە گشتییەکان دەنێرێت، ئەو لە کۆتاییدا گوتیشی: ''لە وەزارەتی داد ١١٧ دۆسیەمان لەلابوو. ئەوانەمان پێشتر ناردبوو بەڵام گۆڕانکاریی بەسەر یاساکەدا هات. لەبەر ئەوەی دەبوایە بیانگەڕێنینەوە، لای خۆمان دۆسیەکانمان هێشتەوە. دوێنێ ئەو ١١٧ دۆسیەیەمان لە وەزارەتی دادەوە ئاراستەی داواکارە گشتییەکان کرد، هەموو ئەو دۆسیانەی کە لامان بوون، رەوانەمان کردن. لە دوێنێوە ١١٧ دۆسیە ئاراستەی داواکارە گشتییە کۆمارییەکان کراوە. ئەو دۆسیانەش کە لە پەرلەمانەوە دێن و دەگەنە ئێمە، ئاراستەی داواکاری گشتیی دەکرێن. داواکاری گشتیی دوای ئەوەی دۆسیەکانی پێدەگات، لەو شوێنەوە دەست بەلێکۆڵینەوە دەکات کە پێشتر تێیدا وەستابوو''.