Muhammet Ali Kemal
25 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2016
وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند: ''دژی ئەوانەم کە مناڵەکانمان لەخانەوادە و دایک و باوکیان دەکەن و دەیانبەنە قەندیل و شنگال، لەوێ دەیانکەنە ئامێرێکی ئەنجامدانی تاوان. پێویستە ئەو رۆڵانەمان لەگەڵ زانکۆ و خوێندنگەکاندا ئاشت بکەینەوە''.
سولەیمان سۆیڵو لەدوای سەردانەکەی بۆ سێرت لەگەڵ فەرماندەی گشتیی جەندرمە ژەنەراڵ یاشار گولەر و بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش سەلامی ئاڵتنئۆک سەردانی بەدلیسی کرد.
سۆیڵو لەبەدلیس لەلایەن هەریەک لەجێگری سەرۆکی لقی ئاکپارتی وەدات دەمیرۆز و پارێزگاری بەدلیس و بریکاری سەرۆکی شارەوانی شارەکە ئەحمەد چنارەوە پێشوازیی لێکرا. دواتر لەگەڵ دوکانداران و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا کۆبووەوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا لەگوتەیەکدا رەخنەی لە پەکەکە گرت و گوتی: ''دژی ئەوانەم کە مناڵەکانمان لەخانەوادە و دایک و باوکیان دەکەن و دەیانبەنە قەندیل و شنگال، لەوێ دەیانکەنە ئامێرێکی ئەنجامدانی تاوان. پێویستە ئەو رۆڵانەمان لەگەڵ زانکۆ و خوێندنگەکاندا ئاشت بکەینەوە. ئەگەر بێت و لەمێشکی ئەو مناڵەدا پزیشکی هەبێت و ئێمە نەتوانین ئەمە جێبەجێبکەین، ئەوا وەزارەتی ناوخۆ و برایەتی گەلەکەشمان بە من حەرامبێت. هەزار سالە لەم جوگرافیایەدا رووبەڕووی سەدان فێڵ و یاریی بووینەوە. هەموویمان دەست لەناودەست، لەناوبرد. سەرەڕای ئەوەی گەلێکین ئەوەندە لەدەرەوە و ناوخۆوە پێمانەوە سەرگەرمن، بەڵام پێکەوەییمان لەژێر ئەم ئاڵایەدا نیشاندەری برایەتیمانە. ئەم پێکەوەییە بەردەوام دەبێت. جوگرافیای دەورووبەرمان پێویستی بەم پێکەوەییە هەیە. دەوڵەمەندە وڵاتەکەمان و ئێمە ئەمە دەبینین''.
سولەیمان سۆیڵو باسی لەوەکرد تا ئێستا سەردانی هەریەک لە دیاربەکر، ماردین، هەکاری، شرنەخ، وان و سێرتی کردووە و رایگەیاند: ''تەوەری ئەم سەردانانەمان تیرۆر نەبووە، بەڵکو بریتیی بووە لە برایەتی، گەشەپێدانی ئابووریی. سەردانگەلێک بوون کە مەبەست لێیان ئامێزکردنەوەی دەوڵەت و حکوومەت بووە. بەردەوام دەبین لەم جۆرە کۆبوونەوە و سەردانانە''.