Ömer Yasin Ergin, Rıdvan Korkulutaş, İbrahim Toprak
04 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2021
دیاربەکر - AA
مانگرتنی دایکانی دیاربەکر "ئێشکگرتنی رۆڵەکان" لە بەردەم باڵەخانەی لقی سەرەکی رێکخستنەکانی ھەدەپە کە لە ٣ی ئەیلوولی ٢٠١٩وە دەستیپێکردووە پێی نایە ساڵی سێیەمەوە، بەم مەبەستەش سەردانی پاڵپشتیکارانیان بەردەوامە.
مانگرتنی ئەو خێزانانەی کە ھەدەپە بە بەرپرس لە رفاندنی رۆڵەکانیان بۆ چیاکان دادەنێن و لە ٣ی ئەیلوولی ٢٠١٩وە دەستیپێکردووە، ھێشتا بەردەوامە.
مانگرتنی خێزانەکان لە چاوەڕوانی رۆڵەکانیان کە پێ دەنێتە ساڵی سێیەمەوە، بە درێژایی رۆژ لەلایەن سەرۆکی گشتیی پارتی وەتەن دۆغو پەرینجیک، سەرۆکی گشتیی سەندیکای فەرمانبەران عەلی یاڵچین، سەرۆکی گشتیی وەقفی خێزانی کەمئەندامان و شەھیدانی تورکیا لوقمان ئایلار و ژمارەیەکی زۆر نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە مەبەستی دەربڕینی پاڵپشتی بەسەرکرانەوە.
سەرۆکی گشتیی پارتی وەتەن دۆغو پەرینجیک، کە لەگەڵ خاتوو شولە پەرینچکى هاوسەرى ھاتبوو بۆ لای دایکانی دیاربەکر، ئاماژەی بەوە کرد کە ئیتر وەکو خزم و برا تەماشای دایکان و باوکانی دیاربەکر دەکەن و گوتی:
"ئەم بەرەنگاربوونەوە ئێمەی کردە برای خوێن. ئەوە بوو بە دوو ساڵ. ئەوەندە رۆژە ئاسان نییە. بەبێ گوێدان بە سەرما و گەرما، ئارەقەتان رژان. لێرەدا ھەوڵێکی گەورەتان دا بۆ شادبوونەوەی رۆڵەکان و برازاکانمان لەگەڵ دایکانیان، باوکانیان، براکانیان، خزمەکانیان، رۆڵەکانیان و ولاتەکەیان".
پەرینجیک، ئەوەشی راگەیاند کە یەکە یەکى رۆڵەکان دەگەڕێنەوە و گوتی: " ئەوانە لە ئامێز دەگرین. چاومان پێیان دەکەوێت، ئەوان دووبارە بۆ بەدەستھێنانی کار، دروستکردنی داھاتوویان، ھاوسەرگیری، بوون بە خاوەن ماڵ و منداڵ، بەسەر بردنی ژیانێکی خۆش لەگەڵ دایک و باوکانیان لە ژێر ئاڵای سووری مانگ و ئەستێرە و لە نێو یەکێتی و یەکبوونی وڵات دەگەڕێنەوە. ئێوە کارێکی مێژووییتان ئەنجامدا کە بووە بە نموونە بۆ ھەموو جیھان تاکو کورد و تورکی تورکیامان بە برایەتی و پێکەوە لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا بژین".
دۆغو پەرينچيك، ئاماژەى بەوە كرد كە دادگاى دەستووريى توركيا، لە دۆسيەى داخستنى هەدەپە، داواكاريى كات بۆ بەرگريكردن لەلايەن ئەو پارتەوە قبوڵكردووە و گوتى: "وەكو مامۆستايەكى ياسا، لێرەوە دەمەوێت بە تەواوى گەلى تورك رايبگەێنم كە ئەو بريارەى كە دادگاى دەستوورى داویەتی بە پێچەوانەى ياسايە. كاتى زیاتریان دەدەنێ بۆ چاندنى مين. بۆ كوشتنى سەربازانمان كاتى زیاتریان دەدەنێ. بۆ ئەوەى رۆڵەكانمان لەوێ ماندوو ببن و بە دايكان و باوكانيان شاد نەبنەوە كاتى زیاتریان دەدەنێ. ئەمە هيچ پەيوەندى بە ياسا و ئەو شتانە نييە. دەبێت دەستبەجێ هەدەپەى باڵ و رانى پەكەكە دابخرێت".
لەلای خۆیەوە سەرۆکی گشتیی سەندیکای فەرمانبەران عەلی یاڵچین، ئەوەی راگەیاند کە لە یەکەم رۆژەوە بە ھەمان پێداگریی دایکانی دیاربەکر لە پاڵیان بوون و جەختی لەوە کردەوە کە سووربوونیان کۆتایی بە تیرۆر دەھێنێت و ئەو زیانەی کە تیرۆر بە وڵاتەکەی گەیاندووە بەشێوەیەک کۆتایی پێدێت.
- سەمازانەکان، نەییان ژەنی و سەمایان پێشکەش کرد
نوێنەرانی ساکاریا و کۆجالیی وەقفی تەسەوف، سەردانی پاڵپشتیکردنیان بۆ لای خێزانەکان ئەنجامدا.
سەمازانەکانی وەقفەکە، تابلۆیەکیان کە فەرموودەی مەولانا "وەرە ھەرچییەک بێت ھەر وەرە" و ناوی منداڵە رفێندراوەکانی لەسەر نووسرابوو پێشکەشی دایکانی دیاربەکریان کرد و ئاوازی نەی و سەمایان پێشکەش کرد.