ئەنقەرە
سەرۆک وەزیرانی تورکیا رەجەب تەیبە ئەردۆغان باس لە دواین گۆرانکاریەکانی ناوچەکە و تورکیا کرد و لە سەر پرسی دارشتنەوەی دەستوریش ھەڵوێستی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ھەڵسەنگاند.
لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و پێش سەردانی بۆ کۆسۆڤۆ، ئەردۆغان باسی لە ھەڵوێستی پارتی جەھەپە و مەھەپەی ئۆپۆزسیۆن کرد و رایگەیاند: ئێستادا لەبارەی ٦٠ ماددەی دەستوری کە بە دانوستانی لایەنەکان ڕێکەوتنیان لەسەر کراوە، داوادەکەین بەپێی ماددەی تایبەت بە یاسا لە پەرلەمان ئەو ٦٠ ماددەیە تێپەڕێنرێت و لەو بارەیەشەوە بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغڵو ئامادەیی خۆی دەربڕیوە و ئەو کاتە پێویستمان بە کۆبوونەوە نابێت لە گەڵ ھیچ پارتێکی تردا.
سەبارەت بە ھەڵوێستی مەھەپەش کە رایانگەیاندبوو کەس لەدەرگامان نەدات بۆ دانوستان لەسەر دەستوور, ئەردۆغان گوتی: "ئێمە لەدەرگایەک نادەین کە داخرابێت."
ئەردۆغان لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی" بۆ تێپەڕاندنی ئەو ٦٠ ماددە دەستووریەی کە ڕێکەوتووین لەسەری، ھیچ مەرجێکی تر قبوڵ ناکەین، چونکە رێکەوتن لەسەر ئەو مادانە کراوە"
لەبارەی کۆبوونەوەی جنێف دوو ئەردۆغان ئاماژەی بە بڕیارێکی پێشوەخت دا کە دەڵێ تا بەشار ئەسەد لەدەسەڵات نەڕوات، ھیچ ھەنگاوێک نانرێت و ئەم ھەنگاوەی بە گرینگ وەسفکرد و گوتی: "ووڵاتانی سعودیە، تورکیا، ئیمارات و قەتەر بڕیاری تایبەتی خۆیان ھەیە و بە بێ بڕیاری ئەو لایەنانە ھیچ بڕیارێک نابێت دەرچێت و ھاوڕاییەکیش لەوبارەوە ھەیە."
ھەروەک مافی ئەوەشی دایە وڵاتانی ھاوسنووری سوریا بتوانن مافی بریاردانیان ھەبێت و گوتی: "ئێستادا لە تورکیا نزیکەی ٦٠٠ ھەزار پەنابەری سوری ھەن و ھاوکاریەکانیشمان بۆیان دیارە و ھیوادارم کۆبوونەوەی جنێف دوو سودی بۆ بارودۆخەکە ھەبێت."