دیاربەكر
سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوی پیاوانی کاری تورکیا عەلی یوجەلەن، رایگەیاند: بۆ پشتیوانی و بەسەرکردنەوەی ناوچە کوردییەکان، وا بڕیارە رۆژی سێشەممە (٢٤ی ئەیلول) شاندێکی کارساز و پیشەسازانی تورکیا سەردانی ئەو ناوچانە بکەن.
یوجەلەن بۆ روونکردنەوەی ئامانجی سەردانەکەیان گوتی" ئامانجی ئێمە وەکو رێکخراوی پیاوانی کاری تورکیا جێبەجێ کردنی پرۆژەی ( باشووری رۆژھەڵات پیاوانی کاری خۆی پێدەگەیەنێ) یە و لەم چوارچێوەیەدا پسپۆڕانی ئێمە راھێنان بۆ گەنجانی خاوەن کاری ناوچەکە دەکەن".
لە بارەی پرۆژەی راھێنانی گەنجانی خاوەنکاری لەناوچە کوردییەکانی تورکیا، سەرۆکی (رێکخراوی پیاوانی کاری باشووری ئانادۆڵو) ھاکان ئاکباڵیش روونکردنەوەیداو گوتی" بۆ پێگەیاندنی خاوەنکاری ناوچە کوردییەکان بە ھاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی پیاوانی کاری تورکیا پرۆژەی ھاوبەشمان ئامادە کردووە و بڕیارە بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەکە سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتی رێکخراوی پیاوانی کاری تورکیا لەگەڵ وەفدێکی ٥٠ کەسی سەردانی ناوچەکە بکەن".
ئاکباڵ گوتی "یەکێ لە ھۆکارەکانی پێشنەکەوتنی ناوچە کوردییەکان کەمبوونی ژمارەی خاوەنکاری پەروەردە کراوە، گرفتی سەرەکی ناوچە کوردییەکان بێکارییە و بۆ چارەسەر کردنی ئەم گرفتەیش تەنیا سەرمایەگوزاریی پێویستە، سەرباری دەستپێکردنی قۆناغی ئاشتی، کەچی سەرمایەدارانی تورکیا لە ناوچە کوردییەکان سەرمایەگوزارییان نەکردووە، بەڵام ئێستا ناوچەکە لە سەر دەستی خاوەنکار و پیشەسازانی خۆی دەبۆژرێتەوە".