Mazın Asad
13 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2017
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەنجام دا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەست کەوتوون، لە پەیوەندییەکەدا تاوتوێی دواپێشھاتەکانی سووریا و پرسەکانی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کرا.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ھەردوو سەرۆک جەختیان لەسەر گرنگی ھەوڵەکانی ھاوبەشی رووسیا و تورکیا سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئاستانا و جنێڤ کردەوە.
ھاوکات ئەردۆغان و پوتین باسیان لە گرنگی بەردەوامبوونی ئاگربەست لە تەواوی سووریا کرد و ئاماژەشیان بە ھێرشە کیمیاوییەکەی شاری ئیدلب کرد کە بووە ھۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل.
ئەردۆغان لە پەیوەندییەکەدا رایگەیاند بەکارھێنانی چەکی کیمیاویی، تاوانێکی گەورەی دژی مرۆڤایەتییە.
ئەردۆغان و پوتین پشتیوانیان لە بۆچوونی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ھێرشەکە لەلایەن رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاویی کرد.
ھاوکات هەردوو سەرۆک هاوڕابوون لەسەر خێراکردنی ھەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئەردۆغان و پوتین ئاماژەیان بە گرنگی ھەڵگرتنی ئاستەنگەکانی بەردەم پەرەسەندنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان تورکیا و رووسیا کردەوە و ھەردوو سەرۆک ھاوڕابوون لەسەر دروستکردنی پەیوەندی نزیک و بەهێز نێوان ھەردوو وڵات لە ئایندەشدا.